رووداو دیجیتاڵ
پاپا فرانسیسی ڤاتیکان داوا دەکات پەیڕەوانی ئایینە جیاوازەکانی سووریا رێز لە یەکدی بگرن، ئەوەش دوای سێ رۆژ لە لادانی بەشار ئەسەد لە لووتکەی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە دێت.
رۆژی چوارشەممە، 11ـی کانوونی یەکەمی 2024، پاپا فرانسیس، رێبەری کاسۆلیکەکانی جیهان لە گوتاری هەفتانەی خۆیدا گوتی، "نزا دەکەم کە گەلی سووریا بە ئاشتی و ئاسایش لە زێدە خۆشەویستەکەی خۆیان بژین و هیواخوازیشم کە ئاییندارە جیاوازەکان بە دۆستایەتی و لەسەر بنەمای رێزی هاوبەش کار بۆ وڵاتەکەیان بکەن کە چەندین ساڵە گیرۆدەی شەڕی ناوخۆیە".
هەروەها پاپای ڤاتیکان گوتیشی، "بە هیوام لەم کاتە هەستیارەدا، چارەسەرێکی سیاسیی رابگەیێندرێت کە ببێتە هۆی سەقامگیری و یەکێتیی ئەو وڵاتە بەبێ ئەوەی ململانێ و دابەشبوونی لێبکەوێتەوە".
دوێنێ سێشەممە، محەممەد بەشیر، سەرۆکی حکومەتی راگوزەری سووریا لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ئەندامانی حکومەتەکەی لە دیمەشق لەبارەی دۆخی وڵاتەکەی رایگەیاند، "ئێستا کاتی ئەوەیە خەڵک چێژ لە سەقامگیری و ئارامی وەربگرن".
رۆژی 08-12-2024 چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و گرووپە هاوپەیمانەکانی چوونە نێو شاری دیمەشقی پایتەختی سووریا و دەستیان بەسەر دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا گرت و بەشار ئەسەدی سەرۆکی ئەو وڵاتەش بەرەو رووسیا هەڵات.
لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سووریا لە 2011، بەگشتی کریستیانەکانی سووریا بە پاڵپشتیکاری حکومەتەکەی بەشار ئەسەد هەژمار دەکران، بەشار ئەسەدیش کە عەلەوی بوو خۆی بە پارێزەری مافەکانی کەمایەتییە ئاینییەکان دادەنا.
دوای ئەوەی رێکخراوی داعش لە 2014 دامەزرا و بەشێکی خاکی سووریا و عێراقی خستە ژێر دەسەڵاتەکانی خۆی، کۆمەڵگەی کریستیان لە سووریا کەوتە ژێر مەترسی و رێکخراوەکە کریستیانەکانی ئەو وڵاتەی دەڕفاند، کەنیسەکانی تێکدەدان و ناچار بە گۆڕینی ئایینەکەیانی دەکردن.
لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سووریا کە نزیکەی 14 ساڵی خایاند، 500 هەزار هاووڵاتی کوژران و نزیکەی نیوەی دانیشتوانی ئەو وڵاتەش ناچار بوون ماڵەکانی خۆیان بەجێبهێڵن.
کریستیانەکانی سووریا ژمارەیان نزیکەی 1.5 ملیۆن کەس دەبێت و بەشێکیان لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ سووریایان بەرەو وڵاتانی دراوسێ و ئەمریکا و ئەورووپا بەجێهێشت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ