سەرچاوەیەکی حکومەتی ئەفغانستان: بەهۆی تەقینەوەیەکەوە وەزیری پەنابەران شەهید بوو
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی حکومەتی ئەفغانستان رایگەیاند، لە کابوڵ بەهۆی تەقینەوەیەکەوە وەزیری پەنابەران کوژراوە.
رۆژی چوارشەممە، 11ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەرچاوەیەکی حکومەتی ئەفغانستان بڵاویکردەوە، "لە کابوڵ تەقینەوەیەک لە نووسینگەی وەزیری پەنابەران روویدا".
سەرچاوەیەکی حکومەتی ئەفغانستان گوتیشی، "بەهۆی تەقینەوەکەوە وەزیر خەلیل رەحمان حەقی و ژمارەیەک هاوکاری شەهید بوون."
خەلیل رەحمان حەقی خاڵی سیراجەدین حەقانی، وەزیری ناوخۆ و برای جەلالەدین حەقانییە کە بە دامەزرێنەری تۆڕی حەقانی دادەندرێت.
تۆڕی حەقانی گرووپێکی ئیسلامیی ئەفغانە، کە بەناوی بنەماڵەی حەقانییەکانەوە ناونراوە و ساڵی 1970 دامەزراوە. لە ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی رابردوودا، تۆڕەکە شەڕیان دژی ھێزەکانی سۆڤیەت و دواتریش ھێزەکانی ناتۆ بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئەفغانستان کردووە.