نەتەوە یەکگرتووەکان لە مالی کشایەوە

11-12-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی سەربازی و کاتیی مالی بە فەرمانێک نەتەوە یەکگرتووەکان لە وڵاتەکەی دووردەخاتەوە بەهۆی ئەوەی "رێکخراوەکە نەیتوانیوە لە 10 ساڵدا ئاشتی و ئارامی لە وڵاتەکە بەرقەرار بکات". گوتەبێژی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە مالی دەڵێت، بە گشتی تائێستا 13 هەزار و 800 کارمەندی رێکخراوەکە وڵاتەکەیان جێهێشتووە.
 
رۆژی دووشەممە، 11-12-2023، فاتوماتا کابا، گوتەبێژی نوێنەرایەتیی یەکگرتووی فرەڕەهەندی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مالی ناسراو بە MINUSMA کشانەوەی شاندی رێکخراوەکەی لە وڵاتەکە راگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی چەند سەرکردەیەکی سەربازیی وڵاتەکە فەرمانی کشانەوەی رێکخراوەکەیان دا.
 
فاتوماتا کابا گوتی، "ئەمڕۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ئاڵا شینەکەی لەسەر بارەگای سەرەکیی خۆی لە باماکۆی پایتەخت داگرت و ئیدی ماڵئاوایی دەکات".
 
گوتەبێژەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد، کامپی مۆپتی کە دوایین کامپی رێکخراوەکە بوو رادەستی دەسەڵاتی مالی کرا. قۆناخی پاکتاوکردنی کەلوپەلەکان لەدوای 1-1-2024 دەستپێدەکات و کەلوپەلەکان دەدەنە دەسەڵاتی وڵاتەکە.
 
کشانەوەی رێکخراوە جیهانییەکە ترسی لە دڵی خەڵکی مالی دروستکردووە بەوەی کە تووندوتیژییە سەربازییەکان زیاتر دەبن و ئاڵۆزیی نێوان گرووپە چەکدارەکان و سوپای وڵات بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی چەند ناوچەیەک هەڵبکشێت.
 
MINUSMA لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا نزیکەی 15 هەزار سەرباز و پۆلیسی لە مالی پاراستبوو. نزیکەی 180 کەس لەو 15 هەزار کەسە لە کردەوەی تووندوتیژییدا کوژراون.
 
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مالی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "لە رۆژی هەینییەوە، 8-12-2023، لانیکەم 10 هەزار و 500 کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان مالییان جێهێشتووە، بە گشتی تائێستا 13 هەزار و 800 کارمەند وڵاتەکەیان جێهێشتووە".
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت فەرمانەکە لەلایەن کۆلۆنێل عاسیمی گۆیتا، سەرکردەی سەربازی و سەرۆکی کاتیی مالییەوە دەرکراوە. گۆیتا نەتەوە یەکگرتووەکانی بە بەرپرس زانییوە لەوەی نەیتوانیوە لە 10 ساڵدا ئاشتیی لە مالی بەرقەرار بکات.
 
نوێنەرایەتیی یەکگرتووی فرەڕەهەندی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مالی لە ساڵی 2013 لە وڵاتەکە جێگیرکرا دوای ئەوەی جێگەی نوێنەری پشتیوانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەفریقا لە مالی، ناسراو بە (AFISMA)ی گرتەوە و ئەرکی سەرەکیی بریتیی بوو لە بەهێزکردنی تواناکانی ئاسایش و بەرگری، پشتگیریکردن لە پاراستنی کۆمەڵگاکان، جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی سەقامگیرکردن و ئاسانکاریی دەستڕاگەیشتن بە هاوکاریی مرۆیی بۆ باکووری مالی. 
 
نووسینگەکە سێیەم گەورەترین بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، کە نزیکەی 15 هەزار و 200 ئەندام و کارمەندی هەبوو. لە دوای بارەگاکەی لوبنان، دووەم ترسناکترین نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو کە لە ماوەی 10 ساڵدا 304 کارمەندی کوژراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا