رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکەن، رێگە بە خێزانی ژینا ئەمینی بدەن بچنە فەرەنسا تاوەکو لە رێوڕەسمی دابەشکردنی گەورەترین خەڵاتی ئەوروپا تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین بەشداربن.
رۆژی دووشەممە 11ی کانوونی یەکەمی 2023، ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد، رێگە بە خێزانی ژینا ئەمینی بدەن گەشت بۆ فەرەنسا بکەن، تاوەکو بتوانن لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی ساخارۆفدا لە پەرلەمانی ئەوروپا لە ستراسبۆرگ ئامادە بن.
ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا گوتیان، بەرپرسانی ئێران لە فڕۆکەخانەی تاران دەستیان بەسەر پاسپۆرتی هەریەک لە باوک، دایک و برای ژینادا گرتووە و رێگەیان نەداوە گەشتەکەیان بکەن.
لە نامەکەدا کە واژۆی 116 ئەندامی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپای لەسەرە سەبارەت بە هەنگاوی بەرپرسانی ئێرانی دەڵێن، "ئەو رێگریکردنە ئامانج لێی کپکردنی دەنگی خێزانی ژینا ئەمینییە تاوەکو قسە دژی سەرکوتکارییەکانی کۆماریی ئیسلامی بەرامبەر بە مافەکانی ژنان و مرۆڤ و ئازادییەکان نەکەن. نابێت ئەوە قبووڵ بکەین؛ نابێت راستییەکان کپبکرێن".
خەڵاتی ساخارۆف بەو کەس و گرووپانە دەدرێت کە ژیانی خۆیان بۆ داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕین تەرخان دەکەن. پەرلەمانی ئەوروپا لە ساڵی 1988ـەوە ئەم خەڵاتەی بۆ رێزگرتن لە ئاندرە ساخارۆف، هاووڵاتی رووسی راگەیاند.
لە درێژەی نامەکەیاندا، ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا داوا لە ئێران دەکەن لەو هەنگاوەی پاشگەز ببێتەوە و رێگە بە باوک، دایک و برای ژینا بدەن تاوەکو بچنە ستراسبێرگ و رۆژی سێشەممە، 12ی کانوونی دووەم، خەڵاتی ساخارۆف بۆ ساڵی 2023 وەربگرن.
ژینا ئەمینی کچێکی تەمەن 22 ساڵی خەڵکی سەقزی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، رۆژی 13ی ئەیلوولی 2022 لە وێستگەیەکی میترۆ لە تاران بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە دەستبەسەرکرا و لە رووداوێکی جێگەی گوماناویدا باری تەندروستیی تێکچوو، سێ رۆژ دواتر گیانی لەدەستدا.
گیانلەدەستدانی ژینا شەپۆلێکی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و جیهان بەدوای خۆیدا هێنا و شەپۆلەکەش بۆ ماوەی چەندین مانگ بەردەوام بوو کە لە هەندێک لە خۆپێشاندانەکان، تووندتیژی لێکەوتەوە و بە سەتان کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون.
لە تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، بۆ ئەم ساڵ خەڵاتی ساخارۆف دەبەخشێتە خێزانی ژینا ئەمینی و تەواوی ئەو خۆپێشاندەرانەی جیهان کە لەدوای گیانلەدەستدانەکەی رژانە سەر شەقامەکان و بە گوتنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ناڕەزایەتییان دەربڕی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ