لە رووداوێکی تەقەکردندا لە سویسرا دوو کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی تەقەکردندا لە دوو ناوچەی جیاوازی کانتۆنی ڤالیسی باشووری سویسرا دوو کەس کوژران و یەکێکی دیکەش بریندار بوو.
رۆژی دووشەممە، 11-12-2023، پۆلیسی سویسرا بڵاویکردەوە، پێش کاژێر 08:00ـی بەیانی بەکاتی سویسرا (11:00ی بەیانی بەکاتی هەولێر) لە رووداوێکی تەقەکردندا لە شارۆچکەی سیۆن "دوو کەس کوژراون و یەکێکی دیکەش بریندار بوو." پۆلیس دەشڵێت، گەڕان بەدوای تەقەکەرەکەدا بەردەوامە.
پۆلیسی سویسرا ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا ناسنامەی تەقەکەرەکە و پاڵنەرەکانی پشت ئەو کارەی نەزانراون. زانیارییە سەرەتاییەکان پێشانی دەدەن کە "تەقەکەرەکە قوربانییەکانی ناسیوە".
لەو راگەیێندراوەی پۆلیسی سویسرادا هاتووە "ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان بۆ دەستگیرکردنی تەقەکەرەکە دەستپێکردووە و داواکاری گشتیی کانتۆنی ڤالیس لێکۆڵینەوە لەبارەی کوشتنی ئەو هاووڵاتییانەوە دەکات".
ژمارەی دانیشتووانی سویسرا نۆ ملیۆن کەسە. بە گوێرەی رێکخراوی سویس ئارمز بۆ راپرسی کە بنکەکەی لە سویسرایە و چاودێری رەوتی جیهانی تووندوتیژی چەکداری دەکات، مەزەندە دەکات کە خەڵکی سڤیل لەو وڵاتە خاوەنی دوو ملیۆن و 300 هەزار چەکی سووک بن.
لەدوای ساڵی 2001ـەوە، سویسرا رووداوی تەقەی بەکۆمەڵی بەخۆیەوە نەبینیوە. بە گوێرەی کۆمەڵەی نیشتمانی چەکی ئەمریکی، سویسرا یەکێکە لەو وڵاتانەی کەمترین رێژەی کوشتنی تێدایە لە جیهاندا.