فرۆشگەکانی خۆراک لە غەززە بەتاڵ بوون و خەڵک برسین

رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک خەڵک روویان لە فرۆشگەیەکی خۆراک لە دێربەلەحی غەززە کردووە بۆ ئەوەی پێداویستییە خۆراکییەکان بۆ خۆیان و خێزانەکانیان بکڕن، بەڵام رەفەکانی بەتاڵن.
 
هاووڵاتیێکی غەززە لەبەردەم فرۆشگەکەوە دەڵێ "من، خەڵکی دێربەلەحم، دەمەوێ سڵاو لە هەموو ئەو عەرەب و موسڵمانانە بکەم کە لەو دۆخەدا ئێمەیان جێهێشت. ئێمە بەنێو دووکانەکاندا دێین و دەچین بۆ ئەوەی خواردن بۆ منداڵەکانمان پەیدابکەین، بەڵام بێهوودەیە.''
 
هەروەها دەڵێ "لەو کاتەوەی ناردنی هاوکاریی خۆراک بۆ شارەکەمان وەستاوە، هەموو فرۆشگەکان بەتاڵ بوون. هەموو کەرەستە پێویستەکان تەواو بوون و کاتێک دەچیتە نێو دووکانەکانەوە، رەفەی بەتاڵ دەبینیت."
 
نەمانی خۆراک تاکە خەمە گەورەکە نییە، چونکە بەهۆی وەستانی کارەوە، خەڵک ترسیان لە نرخەکانیش هەیە.
 
ئەبو ئیبراهیم، هاووڵاتییێکی غەززە دەڵێ "خەیار بە 9 شیکلە، پەتاتە بە 12 شیکلە، باینجان بە 10یە و پرتەقالیش بە 15. خەڵک پارە لەکوێ بهێنن؟ لەکاتێکدا دۆخی مووچە جێگیر نییە. ئەوە کاری لە بژێویی ژیانی خەڵک کردووە و دۆخەکە زۆر قورس بووە، ئەوە 60 بۆ 70 رۆژە، خەڵک چۆن بتوانێت بەرگە بگرێت؟"
 
پرۆگرامی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە 36٪ـی خەڵکی غەززە بە تەواوی برسین. 52٪ـی دانیشتووان بە شێوەیەکی مامناوەند برسین، هەروەها 91٪ـی خێزانەکان گوتوویانە شەوان بە سکی برسیێتییەوە دەخەون و 63٪ـشیان گوتوویانە رۆژێکی تەواویان بە برسیێتیی بەسەربردووە.