نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە نیوەی خەڵکی یەمەن لە لێواری بەدخۆراکیدان


رووداو دیجیتاڵ

هەڵاوسانی ریالی یەمەنی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی دانپێدانراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دۆخی ژیانی زۆر قورس کردووە، بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر نزیکەی هەزار و 700 ریالە؛ لە کاتێكدا لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان بەهای دۆلارێک بەرامبەر 600 ریالە.
 
سامی عەلی، دانیشتووی تەعزی یەمەنە کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی دانپێدانراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە دەڵێت، رۆژانە سەرووی 10 کاژێر بە ماتۆڕەکەی کار دەکات تاوەکو بتوانێت نان و ماستێك بۆ خۆی و منداڵەکانی دابینبکات.
 
سامی عەلی دەڵێت، "خواردنی رۆژانەی کەسێكی هەژار ماست بوو؛ ئێستا ماست زۆر گران بووە، تەنانەت تەماتەش نرخی یەک کیلۆی لەنێوان 20 ریال بۆ 100 ریال بوو، بەڵام ئێستا بووەتە 2 هەزار ریال، واتە حەقدەستی یەک رۆژی تەواوی کارکردنم ئێستا یەک کیلۆ تەماتە دەکات".
 
ئەو هاووڵاتییە یەمەنییە دەڵێت، حەوت ساڵ پێش ئێستا ماست بە نزیکەی 120 ریال بوو، بەڵام ئێستا ماستێکی بچووک بە 400 ریالە؛ "ئێمە لە بارودۆخێکی ئابووریی یەکجار خراپداین، واتە ئەگەر تۆ 2 هەزار ریالت لە گیرفاندا بێت ئەوپەڕی بەشی کڕینی خواردنێکی سبەینانت دەکات".
 
لەم بارودۆخەشدا هێشتا شەڕ لەنێوان حوسییەکان و هاوپەیمانە هەرێمییەکانیان لەلایەک و یەمەنییەکانی باشوور و پاڵپشتیکارە ناوچەییەکانیان لەلایەکی دیکە بەردەوامە.
 
بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 29 ملیۆن یەمەنی، 16 ملیۆنیان لە لێواری بەدخۆراکیدان و 5 ملیۆنیان هەر لە ئێستاوە تووشی بەدخۆراکی بوون؛ خۆپێشاندانی بەشی زۆری یەمەنییەکان دژی گەندەڵی و بازرگانانی شەڕ، بەردەوامە.