ئۆروگوای بە یاسایی بازاڕی حەشیش دەکاتەوە

رووداو- ئاژانسەكان

دوای نزیەکەی ١٢ کاژێر لە گفتووگۆکردن، سیناتۆرەکانی ئۆروگوای دوایین بڕیاری خۆیان سەبارەت بە یاساییکردنی بەکارهێنان و فرۆشتن و چاندنی ماریوانا، کە جۆرێکە لە ماددە هۆشبەرەکان پێشکەش بە حکومەت کرد و رەزامەندییان لەسەر ئەو بڕیارە نیشان دا.

ئۆروگوای دەبێتە یەکەمین دەوڵەت لە جیهاندا بە فەرمی مامەڵەکردن بە یەکێک لە جۆرەکانی ماددە هۆشبەرەکان رابگەیەنێت و یاسای تایبەتیش بۆ ئەو مامەڵەکردنە دەردەکات.

بەگوێرەی یاساکە هەر کەسێکی ئەو وڵاتە کە تەمەنی لەسەرووی ١٨ ساڵەوە بێت دەتوانێت نزیکەی ٤٠ گرام لە ماددەی ماریوانە بکڕێت لە مانگێکدا، کە بەگوێرەی یاسا تازەکەی ئۆروگوای لە دەرمانخانەکاندا دەفرۆشرێت، حکومەتیش هۆکاری ئەم بڕیارە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە دەتوانێت لەم رێگەیەوە، ئەو کێشانە بنبڕ بکات کە بەهۆی قەدەخەکردنی ماددە هۆشبەرەکانەوە درووست دەبن.

هەندێک لە سیناتۆرەکان دژی ئەم بڕیارەن و دەڵێن ئەم بڕیارە تووشبووان بە ماددەکە زیاتر دەکات نەک کێشەکان بنبڕ بکات، یاساکەش بە کۆی ١٦ دەنگ بەرامبەر بە ١٣ پەسەندکرا.

پێش بڕیارەکەی ئۆروگوای، هەریەکە لە وڵاتانی بەرازیل و مەکسیک و کۆڵۆمبیا داوای بەیاساییکردنی مامەڵەکردن بە مەریوانايانكرد، بەڵام تاوەکوو ئێستا نەبووەتە بابەتی گفتوگۆی فەرمی.

هەروەها ئوروگوای لە دوای هەریەکە لە مەکسیک و کۆڵۆمبیا و بەرازیل دێت، کە زۆرترین توشبووی بەم ماددەییە تێدایە.