رووداو دیجیتاڵ
فرانک شتاینمایەر، سەرۆکی ئەڵمانیا نێوەندگیری نێوان پارتەکانی وڵاتەکەی دەکات لە پێناو گەیشتن بە کۆدەنگییەک بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمان.
بەهۆی کشانەوەی ئەندامانی پارتی لیبراڵ لە پەرلەمان، هاوپەیمانیەتیی فەرمانڕەوای ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیی شۆڵتز شکستی هێنا و بەگوێرەی دەستووری ئەو وڵاتە دەبێت هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت.
هاوپەیمانیەتییەکە لە هەرسێ پارتی سۆشیال دیمۆکرات، لیبراڵ و سەوزەکان پێکهاتبوو و بەهۆی ناکۆکیی نێوانیان لەسەر بودجە و خەرجییەکان و بڕە پارەی تەرخانکراو بۆ هاوکاریکردنی ئۆکراینا، شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا سەر بە پارتی سۆشیاڵ دیمۆکرات، سەرۆکی پارتی لیبراڵ کە وەزیری دارایی نێو کابینەکەی بوو لە پۆستەکەی دوورخستەوە و دوای ئەوە سەرجەم پەرلەمانتارانی سەر بەو پارتە لە پەرلەمان کشانەوە و هاوپەیمانیەتی فەرمانڕەوای وڵات شکستی هێنا.
ئێستا شۆڵتز ناچارە بە حکومەتە نیمچە رووخاوەکەی درێژە بە دەسەڵاتەکەی بدات تاوەکو لە نێوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی داهاتوو دەنگ لەسەر متمانەی کابینەکەی دەدرێت و لە ئەگەری سەندنەوەی متمانە، لەسەر سەرۆکی وڵاتە لە ماوەی 21 رۆژدا پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە و لە ماوەی 60 رۆژیشدا هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت.
بە درێژایی مێژووی سیاسی سەردەمی نوێی ئەڵمانیا، تاوەکو ئێستا 3 جار هەڵبژاردنی پێشوەختە کراوە، 1972، 1983 و لە 2005-یش.
هەندێ سەرچاوە باس لەوە دەکەن شتاینمایەر لە پەیوەندیدایە لەگەڵ پارتە سیاسییەکان بە مەبەستی دۆزینەوەی "زەمینەیەکی هاوبەش" بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پێشوەختە؛ هەرچەندە "دەنگدانی متمانە" لە 15-1-2025 پارتەکان ناچار دەکات هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ دوای 15-3 دوا بخەن، چونکە بەگوێرەی یاسا لانیکەم پێویستی بە 60 رۆژە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ