رووداو دیجیتاڵ
ترەمپ رایدەگەیێنێت، لە ئیدارەی داهاتووی ئەمریکا، ئیلیز ستێفنیک، کە ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکایە، لە شوێنی لیندا تۆماس گرینفیڵد، دەکاتە باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
رۆژی دووشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2024، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "شەڕەفمەندەم بە دەستنیشانکردنی ئیلیز ستێفنیک بۆ کارکردن لە کابینەکەم وەکو باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان".
ترەمپ لەباسی ستێفنیک دەڵێت، ئەو "کەسێکی بەهێز و جیدییە، هەروەها کەسێکی زیرەکە بۆ ئەوەی شەڕ بۆ ئەمریکا بکات".
دوای راگەیێندراوەکەی ترەمپ، ستێفنیک بە میدیای ئەمریکی گوت، داواکارییەکەی ترەمپی بۆ ئەو پۆستە قبووڵ کردووە و گوتی: "زۆر شەرەفمەندم".
ستێفنیک بە هاوپەیمانێکی لەمێژینەی ترەمپ دادەندرێت و بە پاڵپشتیکارێکی سەرسەختی ئیسرائیلیش دادەندرێت و بەردەوام رەخنەی ئەوەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان گرتووە، لە جەنگی غەززە، لایەنگری حەماس دەکات.
دوای ئەوەی مانگی رابردوو، دەسەڵاتی فەلەستین بەتۆمەتی 'پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ' هەوڵی دا کە ئیسرائیل لە ئەندامێتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربکات، ستێفنیک داوای کرد کە ئەمریکا بە هاوکارییەکانی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکاندا بچێتەوە.
دانی دانن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان دڵخۆشی خۆی بە دەستنیشانکردنی ستێفنیک دەربڕی و گوتی: "بەهیوام لە نزیکەوە لەگەڵ ئیلیز ستێفنیک کار لەسەر ئەو درۆیانە بکەم کە لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن گەلانی دوژمنەوە کراون".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ