رووداو دیجیتاڵ
سوپاسالاری ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، سوپای رووسیا لە رۆژئاوای هەرێمی کورسک بە سەدان هەزار سەرباز، هەوڵی پێشڕەوی دەدات و دەیەوێت ئەو خاکەی کە لە هاوینی ئەم ساڵ لەدەستیداوە، کۆنتڕۆلی بکاتەوە.
رۆژی دووشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2024، ئۆلێکساندەر سیریسکی، سوپاسالاری ئۆکراینا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام نووسی، "بە فەرمانی سەرکردە سەربازییەکانیان، هێزەکانی رووسیا هەوڵدەدەن سەربازەکانمان دووربخەنەوە و پێشڕەوی لەو ناوچەیە بکەن کە کۆنتڕۆڵمان کردوون".
ئەو گوتانەی سوپاسالاری ئۆکراینا دوای رۆژێک لە راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی هات، کە تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو، رووسیا 50 هەزار سەربازی لە هەرێمی کورسک کۆکردووەتەوە و لەنێویاندا سەربازی کۆریای باکوور هەن.
هەرچەندە سوپاسالاری ئۆکراینا ئاماژەی بە بوونی سەربازانی کۆریای باکوور لەنێو هێزەکانی رووسیا نەکرد، بەڵام ئەمریکا، وڵاتانی رۆژئاوا و کۆریای باشوور چەندین جار هۆشدارییان لەبارەی ناردنی هێزی سەربازی لە لایەن کۆریای باکوور بۆ رووسیا داوە.
بەرەبەیانی رۆژی 06-08-2024 هەزاران سەربازی ئۆکراینی لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان هێرشیان کردە سەر رووسیا. هەر زوو رووسیا رایگەیاند، سەربازەکانی دەتوانن ئۆکراینیەکان دەربکەن، بەڵام لەو کاتەوە شەڕی سەخت بەردەوامە و تاوەکو ئێستا ئۆکراینییەکان لەنێو رووسیادان.
سوپاسالاری ئۆکراینا دەشڵێت، هێشتا لە رووبەڕووبوونەوەی سوپای رووسیا سەرکەوتوو بوون.
رووسیا هەرچەندە دەیەوێت سەربازانی ئۆکراینا لەنێو کورسک دووربخاتەوە، لە بەرەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکرایناش هەوڵی پێشڕەوی دەدات، بەڵام سوپاسالاری ئۆکراینا دەڵێت، رووبەڕوویان بوونەتەوە و رێگرییان کردووە پێشڕەوی زیاتر بکەن.
جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لە 24ی شوباتی 2022 دەستیپێکرد و سوپای رووسیا پێگەی خۆی لە هەرێمەکانی خێرسۆن، زاپۆرۆژییا، دۆنێتسک و لوهانسکدا جێگیرکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ