لێبوردنی گشتی بۆ رێکخەرانی گشتپرسیی سەربەخۆیی کەتالۆنیا دەردەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

ئۆریۆل کالڤۆ یەکێكە لە هەزاران دانیشتووی کەتەلۆنیا، کە بانگەشەیەکی چڕی بۆ گشتپرسیی سەربەخۆیی هەرێمەکە لە ساڵی 2017ـدا کرد و، سزایەکی هەڵپەسێردراوی دادگەی ئەو وڵاتەی لەسەرە؛ ئێستا بڕیارە لێبوردنی گشتی بیگرێتەوە و ئازادییەکانی وەربگرێتەوە.
 
ئۆریۆل کالڤۆ، دانیشتووی کەتالۆنیا "هەست بە خەمۆکی دەکەم، چونکە لە وڵاتێكدا دەژیم کاتێك داوای مافێكی خۆم دەکەم، بە ناپاکیکردن لە وڵات و تێکدانی ئارامییەکەی تۆمەتبار دەکرێم. هیوادارم رێککەوتنی نێوان سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا و کەتەلۆنییە سەربەخۆخوازەکان بە ئەنجامێك بگات."
 
پیێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا تاوەکو 27ـی ئەم مانگە دەرفەتی هەیە حکومەت پێکبهێنێت و پێویستی بە پاڵپشتیی 4 پەرلەمانتارە، نەڵام هیچ پارتێك ئامادە نییە پشتگیریی بکات؛ بۆیە پەنای بۆ دەنگی سەربەخۆخوازانی کەتەلۆنی بردووە، ئەوانیش رازی بوون بەڵام بە مەرج.
 
کارلس پۆچیمۆنت، سەرۆکوەزیرانی پێشووی کەتەلۆنیا و رێکخەری سەرەکیی گشتپرسییەکە، کە زیاتر لە شەش ساڵە هەڵاتووە و لە بەلجیکایە، باسی رێککەوتنەکە دەکات.
 
کارلس پۆچیمۆنت، رێکخەری سەرەکی گشتپرسیی جیابوونەوەی کەتالۆنیا لە ئیسپانیا دەڵێ "سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم؛ لە هیچ دیموکراسییەتێكدا نەهاتووە، بڵێت بڕياردان لە چارەنووسی نەتەوەیەک، تاوانە. رێککەوتنەکە لێبوردنی گشتی بۆ هەموو کەسێك دەردەکات کە لە رووی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی یان هەر جۆرێک بەشداریی لە گشتپرسیی سەربەخۆیی کەتالۆنیادا کردبێت، بە واتایەکی دیکە، هیچ کەس دادگەیی ناکرێت، دەستگیر ناکرێت و سزا نادرێت."
 
هەوڵەکە کاردانەی تووندی لە شەقامی ئیسپانی لێکەوتووەتەوە. هەزاران کەس بە سەرپەرشتیی پارتە کۆنسەرڤاتیڤ و نەتەوەییەکانی ئیسپانیا دەستیان بە خۆپێشاندان لە مەدرید کردووە. شەوانیش تووندوتیژی زیاتر دەبن. پۆلیس دەیان کەسی دەستگیرکردووە. درووشمی سەرەکیی خۆپیشاندەران، 'ئیسپانیا بۆ فرۆشتن نییە.'ـیە.
 
ئەلبێرتۆ نونێز، سەرۆکی پارتی گەل باس لەوە دەکات "چوارچێوەی رێککەوتنەکەی پارتی سۆسیال لەگەڵ جوداخوازەکان رەتدەکەینەوە؛ ئەو جوداخوازانە نەک هیچ شتێكی باش بۆ ئیسپانیا ناکەن بەڵکو پێچەوانەکەی دەکەن، سانچێز بۆ بەرژەوەندیی تەسکی خۆی، ئیسپانیا بە کۆمەڵێك جوداخواز دەفرۆشێت".
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، دەبێت ئیسپانیا دان بە گەلی کەتالۆنیا وەک نەتەوە بنێت؛ سانچێز دەڵێت رێککەوتنەکە ئیسپانیا ئارام دەکات و لە ئاژاوە دووری دەخاتەوە؛ رێککەوتنەکە بۆ ئەوەی جێبەجێبکرێت، پێویستی بە زۆرینەیەکی سادەی پەرلەمانە، کە پێدەچێت بەدەستهێنانی هێندە قورس نەبێت.