ئیلۆن مەسک هۆشداری دەدات: ئەگەر بارودۆخی دارایی تویتەر باش نەکەین، مایەپووچ دەبین

11-11-2022
لهۆن نەسرەدین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکە نوێکەی تویتەر بە دووری نازانێت کۆمپانیاکە مایەپووچ ببێت و بە کارمەندەکانی گوتووە، ئەگەر بارودۆخی دارایی تویتەر باش نەکەین، ئەو ئەگەرە دوور نییە. ئەوەش دوای ئەوەی ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی تویتەر دەستیان لەکارکێشایەوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 10-11-2022، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتیدا لەگەڵ بەڕێوەبەری بەش و ژمارەیەک لە کارمەندەکانی، ئیلۆن مەسک رایگەیاندووە: "بارودۆخی دارایی تویتەر باش نییە و ئەگەر باشی نەکەین، مایەپووچبوون ئەگەرێکی دوور نییە."
 
لەو کۆبوونەوە نهێنییەدا مەسک گوتوویەتی، کۆمپانیاکە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت پێویستە پارەی دەرچوو کەمتر بێت لە پارەی هاتوو، بەڵام ئەوەی کە ئێستا لە تویتەر روودەدات "دروست پێچەوانەکەیەتی."
 
مەسک لەو کۆبوونەوەیەدا نیگەرانیی خۆی لە ئاست چارەنووسی کۆمپانیاکەی نەشاردووەتەوە و گوتوویەتی: "بڕێکی زۆری پارە لە کۆمپانیاکە دەچێتە دەرەوە و لە شوێنیدا هێندە نایەتەوە، بۆیە ئەگەری مایەپووچبوونی بە دوور مەزانن".
 
تویتەر بە گشتی نزیکەی 367 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە، بەڵام بە کردار کەمتر لە 206 ملیۆن بەکاربەری چالاکی هەیە.
 
مەسک لەو بارەیەوە رەشبینی خۆی خستووەتەڕوو و بە کارمەندەکانی گوتووە، "تویتەر لانیکەم پێویستی بە ملیارێك بەکاربەر هەیە تاوەکو هاوکێشەی خەرجی و داهاتی بە سوودی کۆمپانیاکە بشکێنێتەوە،" راشیگەیاندووە: "بۆ ئەوەی بەو ئامانجە بگەین، دەبێت خەڵکێکی زیاتر بهێنینە سەر پلاتفۆرمەکە، لەسەر زەوی هەشت ملیار مرۆڤ هەن و ئەگەر کەمتر لە ملیارێك بەکاربەرمان هەبن، ئەوا ئێمە لە کێشەیەکی گەورەدا دەبین."
 
بڕیارەکانی مەسک لە دوای کڕینی تویتەر
 
مەسک تویتەری بە 44 ملیار دۆلار کڕی و بەشێكی زۆری ئەو پارەیەی لە فرۆشتنی پشکەکانی لە کۆمپانیای تێسلا دابینکرد، کە دامەزرێنەری سەرەکی و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکەشە.
 
لەگەڵ دەستبەکاربوونی لە تویتەر، لە کۆی 7 هەزار و 500 کارمەندی کۆمپانیاکە، زیاتر لە 3 هەزار و 700 کارمەندی لە نووسینگەکانی تویتەر لە سەرانسەری جیهان دەرکرد و بڕیارەکەی بۆ زیانی رۆژانەی تویتەر گەڕاندەوە کە بە چوار ملیۆن دۆلار مەزەندەی کردووە، بەڵام هەموو کارمەندێکی دەرکراوی تویتەر بە 3 مانگ مووچە قەرەبوو کراوەتەوە کە لە 50٪ـی زیاترە لەو بڕەی کە لە یاسادا دانراوە.
 
دواتر ماسک ستراتیژییەتی نوێی تویتەری راگەیاند و گوتی: "بەبێ پارەی مانگانەی بەشداربووان، کۆمپانیاکە بەرەو سستی دەڕوات و ئەگەری دەربازبوونی کۆمپانیاکە لە پەککەوتن زۆر دەبێت، پێویستە نیوەی زیاتری داهاتمان لە پارەی بەشداربووان دابین بکرێت."
 
لە رۆژی شەممە، 5-11-2022، تویتەر بڕیاریدا مانگانە هەشت دۆلار لە خاوەنی هەژمارە پەسندکراوەکان (Verified) وەربگیرێت.
 
دوای سێ رۆژ، واتە لە 8ی ئەم مانگە، مەسک نامەیەکی ئەلیکترۆنی بۆ هەموو کارمەندەکانی نارد و گوتی: "چیدیکە کارکردن لە دوورەوە بە رێگەی ئۆنلاین رێگە پێنەدراوە و هەموو کارمەندێک لانیکەم دەبێت رۆژانە 8 کاژێر لە نووسینگە بێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فڕۆکەیەکی F18ـی سەر بە هێزی دەریایی سوپای ئەمریکا

ئەمریکا "بە هەڵە" فڕۆکەیەکی لە دەریای سوور دەخاتە خوارەوە

سوپای ئەمریکا ئەمڕۆ رایگەیاند، هێزەکانیان "بە هەڵە" فڕۆکەیەکی جەنگیی وڵاتەکەیان لە ئاسمانی دەریای سوور خستووەتەخوارەوە، لە ئەنجامدا کورسیی فڕۆکەوانەکانی فڕێدراونەتە دەرەوە و بە رزگاریان بووە.