رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی رێکخراوی 'ئەمنستی ئینتەرناشناڵ' باس لە پێشێلکاری قێزەونی مافەکانی مرۆڤ لە لیبیا دەکات.
رێکخراوەکە ئاشکرایکردووە، هێزەکانی سەر بە حکومەتی ویفاقی نیشتمانی، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیریدەکات، لەگەڵ هێزەکانی خەلیفە حەفتەر لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە، پێشێلکاری گەورەی مافەکانی مرۆڤیان لەو وڵاتە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، کردووە.
پێشتر و لە میانی جەنگی ناوخۆیی نێوان هەردوولادا لە لیبیا، هێزەکانی حکومەتی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی فایز سەراج و خەلیفە حەفتەر، چەندین پێشێلکارییان لە دژی دانیشتووانی سڤیلی وڵاتەکە کردووە. ئەو پێشێلکارییانە، بە ڤیدیۆ بەڵگەکراون و ناوە ناوەش لە سۆشیال میدیادا بڵاوکراونەتەوە.
رۆژنامەی 'وۆڵ ستریت جۆرناڵ' ئاشکرایکردووە، ماڵباتی ئەشکەنجەدراوە لیبییەکان، بەنیازی بەرزکردنەوەی سکاڵای یاسایین لە دژی هێزەکانی حەفتەر لە دادگاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەتۆمەتی کوشتن و ئەشکەنجە. لە کاتێکدا راپۆرتەکەی 'ئەمنستی ئینتەرناشناڵ' کە رۆژی دووشەممەی رابردوو دەرچووە، باس لە پێشێلکاری قێزەونی مافەکانی مرۆڤ لە لیبیا دەکات، کە تێیدا میلیشیاکانی نزیک لە حکومەتی ویفاقی نیشتمانی کردوویانە.
ماڵپەری 'وۆڵ ستریت جۆرناڵ' ئاشکرایکردووە، سکاڵا یاساییەکان کە دژی حەفتەر تۆمارکراون، لە هەریەکە لە واشنتن و ویلایەتی ڤێرجینیا لە ئەمریکا بەردەستن، ویستیان بەئامانجکردنی پارە بلۆککراوەکانی لیبیایە لەو وڵاتە، بۆ ئەوەی بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکان سوودی لێوەربگرن.
لە نێو ئەو تۆمەتانەدا کە لە دادگای ناوچەی رۆژهەڵاتی ڤێرجینیا تۆمارکراون، ئەو سکاڵایانەن کە وایدادەنێن رێگە لە چوونەدەرەوەی خەڵکی سڤیل گیراوە لە شاری بەنغازی، لەکاتی گەمارۆدانی ناوچەکە لەلایەن هێزە جیاوازەکانەوە لە نێوان 2016 و 2017.
لە سکاڵایەکی دیکەدا، ئافرەتێکی لیبی کە ناوی مونا سەیدە، هێزەکانی حەفتەری تۆمەتبارکردووە بە بۆردومانکردنی خانووی ماڵباتەکەی لە بەنغازی، لە رۆژە سەرەتاکانی هێرشی ئەو هێزانەدا بۆ سەر شارەکە لە ساڵی 2014.
مونا گوتوویەتی، باوکی بەناوی عەبدولسەلام سەید و براکەی بەناوی ئیبراهیم، لە کاتی گەڕانەوەیاندا بۆ ماڵەوە، رفێنراون.
سکاڵاکارەکە ئاشکرایکردووە، ئەو دواتر قسەی لەگەڵ باوکیدا کردووە لە رێگەی تەلەفۆنەوە، دوای ئەوەی لەگەڵ براکەیدا شوێنبزرکراون. دووپاتیکردووەتەوە ئەوان بەزیندوویی بۆ ناوچەی دیکە گواستراونەتەوە، بەرلەوەی تەرمەکانیان بەکوژراوی بدۆزرێتەوە، کە ئاسەواری ئەشکەنجەیان پێوە بووە. مونا گوتوویەتی تەرمی باوک و براکەی لە نێو داروپەردووی قوتابخانەیەکدا دۆزیوەتەوە و دیارە هەرلەوێ ئەشکەنجەدراون بەرلە کوشتنیان.
سکاڵا یاساییەکە تێیدا هاتووە: "ئەو دوو کەسە قوربانیی پڕۆسەکانی کوشتن لەدەرەوەی دادگاکان بوون، لە کاتی دەستبەسەرکردنیاندا لەلایەن هێزەکانی حەفتەرەوە".
لە بەرامبەردا، رێکخراوی 'ئەمنستی ئینتەرناشناڵ' دەڵێ، هەستکردن بە لەدەستدەرچوونی سزا، سەریکێشاوە بۆ بڵاوبوونەوەی ئەشکەنجەدان لەسەردەستی میلیشیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا، ئەمەش بەهۆی لایەنگیریی خێزانی یان هۆز، سیاسی و هەرێمییەوە.
رێکخراوەکە داوای لە دەوڵەتان کردووە، پێداچوونەوەی بەردەوام و گشتگیر لە لیبیا ئەنجامبدەن و هانی دەسەڵاتدارانی لیبیا بدەن، بۆ پێویستی پاراستنی هەموو گیراوەکان لە ئەشکەنجەدان و شێوازەکانی دیکەی بەدمامەڵەیی، هەروەها لێکۆڵینەوە لە هەموو رووداوەکانی کوشتن و ئەشکەنجەدان لە کاتی دەستگیرکردنی کەسەکاندا، لەگەڵ لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو کارانە.
دیانا تەحاوی، بەڕێوەبەری هەرێمی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە رێکخراوکە دەڵێ، ماوەیەکی بەرچاوە ئەشکەنجەدان لە لیبیادا بەربڵاوە، بەڵام دەستاودەستکردنی ڤیدیۆی تاوانەکان، رەنگدانەوەی "رادەی بوێریی تاوانکارەکانە".
تەحاوی، هەروەها دەڵێ پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پێداچوونەوەی مافەکانی مرۆڤ لە لیبیا بکات، لە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ سەرکۆنەکردنی "تۆماری شەرمهێنەری ئەشکەنجەدان و شکاندنی بازنەکانی دەربازبوون لە لێپرسینەوە".
رێکخراوەکە ئاشکرایکردووە، لەسەروبەندی کۆکردنەوەی بەڵگەکاندایە، لەبارەی بەکارهێنانی ئەشکەنجە لە لیبیا، لەلایەن ئەندامانی گرووپە میلیشیایی و ئەندامانی رێکخراوە چەکدارییەکان، دژ بە خۆپێشاندەران و بەرهەڵستکاران و ئەندامانی ماڵباتی چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکان و پەنابەران و کۆچپێکراوان.
رۆژی 23ی سێپتێمبەری ئەمساڵ، ژمارەیەک گرتەی ڤیدیۆیی بڵاوکراوەیەوە لە 'فەیسبووک'، دواتر رێکخراوی 'ئەمنستی ئینتەرناشناڵ' لێکۆڵینەوەی تێدا کردن و دەریدەخەن، پیاوێکی هەڵواسراو بەدەستەکانی بە بۆرییەکی ئاسنەوە، رووبەڕووی سووکایەتی و گاڵتەپێکردن و رەزیلکردن دەبێتەوە.
سەرچاوە ئاگادارەکان رێکخراوی 'ئەمنستی'یان ئاگادارکردووەتەوە، ئەو ڤیدیۆیەی لە فەیسبووکدا بڵاوبووەتەوە، سەرچاوەکەی پەیجی کەسیی فەرماندەی لیوای 80ی پاسەوانی سنوورە، کە کۆمەڵەیەکی چەکداری شاری زەنتانە، لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵات و ناوەناوە ملکەچبوونی بۆ لایەنە ناکۆکەکان دەگۆڕێت.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییە ئەمریکییەکان و راپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە، هاوکاتە لەگەڵ کوژرانی 'حەنان بەرعەسی'، چالاکڤانی ژن کە بەرەخنە تووندەکانی لە حەفتەر بەناوبانگبوو. ئەو چەند خولەکێکی کەم لەپاش دەرکەوتنی راستەوخۆی لە سۆشیال میدیا، کوژرا.
حەنان هێرشی توندی دەکردە سەر حەفتەر و بە 'سەدام حەفتەر' ناویدەبرد، هاوتای دیکتاتۆری پێشووی عێراقی کردبووەوە. ئەو سێشەممەی ئەم هەفتەیە کوژرا، لە دوای چەند رۆژێک لە هەوڵێکی شکستخواردووی کچەکەی.
رووداوەکە کاردانەوەی تووندی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا، هیچ لایەنێک دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی لە رووداوی کوشتنەکە رانەگەیاندووە.
بابەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ، رووداوێکی نوێ نییە لە لیبیادا، لە حوەزەیرانی ئەمساڵدا، ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیاریدا بەپێکهێنانی نێردەیەک بۆ سۆراخکردنی راستییەکان، لەپێناو دۆکۆمێنتکردنی پێشێلکاری و دەستدرێژییە باسکراوەکان بۆ سەر یاسا نێودەوڵەتییەکان، لە مافەکانی مرۆڤ و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، لەلایەن گشت لایەنەکانی لیبیاوە، لە سەرەتای ساڵی 2016ەوە تائێستا، ئەمەش بەمەبەستی لێپێچینەوە لە تاوانکاران.
لایەنە ناکۆکەکانی لیبیا، لە 23ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، رێکەوتنیان واژۆکرد بۆ پێکهاتنەوەی نێوان هێزەکانی حکومەتی ویفاق و هێزەکانی حەفتەر، لەپێناو ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگەکانی نێوانیان، ئەمەش پاش دانووستانی نێوان هەردوولا، بەچاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان لەپێناو پشتگیری بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێیەکانی لیبیا.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەندامانی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ لە 'یو ئێن'، داوا لە سەرجەم لایەنەکانی لیبیا دەکەن، پێداچوونە بە لیستی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتە بکرێت و پێشنیاز بخرێتە روو، بۆ پابەندکردنی سەرجەم لایەنەکان بەڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ.
لەگەڵ ئەو راپۆرتە فراوانانەی باس لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە لیبیا دەکەن. لایەنە ناکۆکەکانی ئەو وڵاتە لە دانوستاندنەکانی نێوانیان لە تونس بەردەوامن، کە تێیدا 75 کەسایەتی بەشدارن لە پەرلەمانتارانی وڵات و کەسایەتییە سیاسییەکان، لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری یەکخستنی دامەزراوە سیاسییەکان و بڕیاردان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەزووترین کات، بۆ کۆتاییهێنان بە دابەشبوون و ناکۆکییە چەکدارییەکانی ئەو وڵاتە، کە نزیکەی دوو دەیەیە بەردەوامە.
جەنگی ناوخۆیی لیبیا، بووەتە گۆڕەپانێکی باش بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ هەرێمایەتییەکان. هێزەکانی حەفتەر لە رۆژهەڵاتی لیبیا لە شەڕکردن دژی حکومەتی لیبیا بەردەوامبوون لە ساڵانی رابردوودا. لە نیسانی 2019دا هێزەکانی حەفتەر بەپشتگیری رووسیا، هێرشیانکردە سەر تەڕابلووسی پایتەختی وڵاتەکە، بەڵام هێزەکانیان لە دەروازەکانی شارەکەدا وەستێندران، پاش ئەوەی هێزەکانی حکومەتی ویفاق، بەرپەرچیان دانەوە.
دواتر لە حوزەیرانی هەمان ساڵدا، هێزەکانی حکومەتی ویفاق، بەپشتگیری تورکیا، هێرشێکی پێچەوانەیان کردە سەر هێزەکانی حەفتەر و ناچاریان کرد بۆ پاشەکشەکردن بەرەو شاری سرتی کەناردەریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ