سەرۆکی ئازەربایجان: ئەرمینیا لە هەموو قەرەباخ دەکشێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئازەربایجان دەڵێت تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە هێزەکانی ئەرمینیا لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی قەرەباخ دەکشێنەوە.
ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی تورکی بە سەرکردایەتی مەولود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا، رایگەیاند بەپێی ئەو رێککەوتنە نوێیەی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا بە سەرپەرشتی رووسیا، ئەرمینیا دەبێت تەواوی ناوچەکە چۆڵ بکات.
عەلیێڤ پێیوایە ئەوان لەم شەڕەدا سەرکەوتوو بوون، ئەوەی چەند ساڵە هەوڵی بۆ دەدەن، دوای رێککەوتنەکە و کۆتایهێنان بە شەڕ لە هەرێمەکە، دەستیان دەکەوێت.
هەریەکە لە ئەرمینیا، ئازەربایجان و رووسیا، رێککەوتنی ئاشتیی کۆتاییان راگەیاند بۆ ئاگربەست لە هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخی ناکۆکی لەسەری نێوان هەردوو وڵات. بەپێی رێککەوتنەکە ناوچە ئازەرییە داگیرکراوەکان کەوتنەوە سەر سنووری ئەو وڵاتە و رووسیاش، هێزە ئاشتیپارێزەکانی خۆی لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات بڵاوە پێدەکات.
نیکۆل باشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا، لە راگەیەندراوێکدا کە درەنگانی شەوی سێشەممە بڵاویکردەوە، خۆبەدەستەوەدانی وڵاتەکەی بۆ مەرجەکانی ئازەربایجان لەپێناو ئاشتیی نێوان هەردوو وڵاتدا راگەیاند، ئاشکرایکرد لەگەڵ سەرۆکی هەریەکە لە ئازەربایجان و رووسیادا، رێککەوتنی کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە کردەوە سەربازییەکان لە کاژێر یەکی بەرەبەیانی سێشەممە.
ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا رێکەوتننامەی هەردوو وڵاتی بەسەرپەرشتی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە، ئاشکرایکرد هەموو پێکدادانێکی سەربازیی نێوان هەردوو وڵات رادەگیرێت، هێزەکان لە شوێنی ئێستای خۆیان دەمێننەوە و ئاشتیپارێزانی رووسیا دەکەونە نێوانیانەوە.
لەگەڵ راگەیاندنەکەی سەرۆکی رووسیادا، وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە ناردنی 1960 سەربازی رووسی لەرێگەی ئاسمانەوە بۆ هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ راگەیاند، ئاشکرایکرد هێزەکانی رووسیا لەنێوان سوپای هەردوو وڵاتدا، 90 زرێپۆشیان پێدەبێت.
بە گوتەی عەلیێڤ، خشتەیەکیشیان بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەرمینیا داناوە کە لە کۆتایی ئەم مانگەدا جێبەجێ دەکرێت. عەلیێڤ لە دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە ئاشکرایکرد بەپێی رێککەوتنەکە، کە بە 'مێژوویی' ناویبرد، ئازەربایجان 3 شاری هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ بەدەستدەهێنێتەوە، کە بریتین لە کلبجار تاوەکو 15 تشرینی دووەم، هەروەها ئاگدام تاوەکو 20ی هەمان مانگ و لاچین تاوەکو یەکی کانوونی یەکەمی داهاتوو.