لەهەڵبژاردنی باڵندەی ساڵ لە نیوزیلاند ساختەکاریی دەکرێت

11-11-2020
ساهیرە سدیق
ساهیرە سدیق
نیشانەکردن هەڵبژاردنی باڵندە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هەڵبژاردنی باڵندەکان لە نیوزیلاند سەلماندی کە ساختەکاریی تایبەت نییە بە هەڵبژاردنەکانی مرۆڤەوە و بۆ سەرخستنی باڵندە و ئاژەڵەکانیش، رێگەی ساختەکاریی دەگیرێتەبەر. لەو هەڵبژاردنەشدا بە 1500 دەنگی ساختە، هەوڵدراوە باڵندەیەک بکرێتە یەکەم.
 
رۆژی دووشەممەی رابردوو 9-11-2020 لەهەڵبژاردنی باڵندەی ساڵ لە نیوزیلاند، زیاتر لە 1500 دەنگی ساختە لەنێو دەنگدانەکەدا تۆمارکران. رێکخراوی ژینگەپارێزی فۆرست ئاند بێرد رایگەیاند، بەهۆیەوە کیوی بچووک (kiwi ) بۆ ماوەیەک لە پلەی یەکەمەکانی لیستەکەدا بووە.
 
بەگوتەی لەورا کیۆن، گوتەبێژی هەڵبژاردنەکان، ئەو دەنگانە کە لەلایەن چاودێرانی هەڵبژاردنەکەوە ئاشکراکرابوون، هەر زوو پوچەڵکراونەتەوە. کیۆن دەڵێت، دەنگەکان لە رێگەی ئیمەیڵی ساختەوە کرابوون و سەرجەمیان بۆ هەمان ناونیشانەکەنیان گەڕێندراونەتەوە.
 
لەورا کیۆن، گوتەبێژی هەڵبژاردنەکان لە لێدوانێکیدا بۆ راگەیاندنەکانی نیوزیلاند دەڵێت"ئەو کیویە بچووکە هەوڵی دەدا بە 1500 دەنگی ساختەوە هەڵبژاردنەکە بباتەوە، بەڵام دەبێت ئەویش وەک هەموو باڵندەکانی دیکە پابەندی یاساکانی هەڵبژاردن بێت".
 
پێشبڕکێی هەڵبژاردنی باڵندەی ساڵ لە ساڵی 2005 ـەوە لە نیوزیلاند لەلایەن رێکخراوی فۆرێست ئان بێرد وەک رێگایەک بۆ ئاشناکردنی خەڵکی نیوزیلاند بە باڵندە ناوخۆییەکان و هاندانیان بۆ پاراستنی ژیانی گیاندارە کێوییەکان، بەڕێوەدەچێت.
 
ئامساڵیش هەڵبژاردنەکە بەڕێوەچوو، نزیکەی 35 هەزار دەنگ تۆمارکراون، کە رێگە بە دەنگدەران دراوە بە ئارەزووی خۆیان پێنج باڵندە هەڵبژێرن، بۆ هەر کەسێک یەک ئیمەیڵ وەردەگیرێت و تەنها دەنگە ناوخۆییەکان هەژمار دەکرێن.
 
هەڵبژاردنی باڵندەی ساڵ دوای چەند هەفتەیەک لە هەڵبژاردنی گشتیی نیوزیلاند بوو کە بۆ دووەمجار جاسیندا ئەردیرن بەزۆرینەی دەنگ بە سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرایەوە. لەسەرەتای مانگی 10ـی ئەمساڵ دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی باڵندەی ساڵ دەستی پێکردووە و تاوەکو کۆتایی ئەو هەفتەیە بەردەوام دەبێت.
 
بەقسەی کیۆن ئەمساڵ باڵندەی ئەنتیپۆدیان ئەلبەترۆس یانتۆرۆوا ( Antipodean Albatross or Toroa) خۆشبەختترین باڵندەیە لە هەڵبژاردنەکە، کە باڵندەیەکی دەریاییە و بەوە ناسراوە ساڵانێکی زۆر خەریکی سەماکردن و گۆرانی گوتن دەبێت بۆ دۆزینەوەی هاوڕێی ژیانی.
 

ئەمە یەکەمجار نییە لە هەڵبژاردنی باڵندەی ساڵ ساختە بکرێت، ساڵی 2018 پیاوێک لە ئوسترالیا کە دراوسێیە لەگەڵ نیوزیلاند 300 جار دەنگی بە باڵندەی شاگ دا و لەلایەن چاودێرانی هەڵبژاردنەکەوە ئاشکرا کرا. هەروەها ساڵی 2015 چەند گەنجێک هەوڵیانداوە یاریی بە دەنگەکان بکەن بۆ سەرخستنی باڵندەی کوکاکو، کە باڵندەیەکی گۆرانی بێژە و مەترسیی لەناوچوونی هەیە.

 

کوکاکو

شاگ

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە