ئەڵمانیا لە سێ مانگی رابردوودا ئاسانکاریی لە پێدانی وڵاتینامە بە کۆچبەران کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ئەڵمانیا ئەو کەسانەی لە سێ مانگی رابردوودا داوای وڵاتینامەیان کردووە، زۆرتر هاووڵاتیی عێراق، ئێران، سووریا و تورکیان. ئاسانکاریی زۆریش بۆ پێدانی وڵاتینامەی ئەڵمانی کراوە.
 
تەنیا لە شاری هامبورگی ئەڵمانیا لە ماوەی سێ مانگدا 6281 داواکاریی بوونە هاووڵاتیی ئەڵمانیا پێشکێش کراون؛ ئەو ژمارەیە بەروارد بە ساڵانی پێشتر زۆر زیاترە.
 
شارەوانیی هامبورگ دەڵێت، بە درێژایی ساڵی 2020 ژمارەی داواکارییەکان گەیشتبوونە 6000 داواکاری، کەچی ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا 13 هەزار و 658 کەس داوایان کردووە.
 
لەبارەی هۆکاری ئەو بەرزبوونەوەی ژمارەی داواکارییە لەلایەن شارەوانیی هامبورگەوە بۆ ئەو ئاسانکارییانە گەڕێندراوەتەوە کە حکومەتی ئەڵمانیا کردوونی و لە رۆژی 27ی مانگی حوزەریانی ئەم ساڵەوە کاریان پێدەکرێت.
 
لە داتاکانی شارەوانیی هامبورگدا دەردەکەوێت، زۆربەی ئەوانەی دەیانەوێت ببنە خاوەنی وڵاتینامەی ئەڵمانی خەڵکی عێراق، سووریا، تورکیا و ئێرانن. بەپێی سیستمی ئەڵمانی و ئەورووپی، کوردستانییانی پارچەکانی کوردستانیش وەکو هاووڵاتیی ئەو چوار دەوڵەتە تۆمار دەکرێن. 
گرنگترین ئاسانکاری کە بۆ وەرگرتنی وڵاتینامەی ئەڵمانی کرابێت، ئەوەیە کە داواکار چیدیکە پێویست ناکات دەست لە وڵاتینامەی وڵاتەکەی خۆی هەڵبگرێت. جگە لەوەش دوای پێنج ساڵ دەتوانێت داوای بکات، کە جاران ماوەکەی زۆرتر بوو.