پزیشکیان: ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا حەز ناکەن ناوچەکە ئارام بێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، لەگەڵ رووسیا پەیوەندیی ستراتیژییان هەیە. گوتیشی، "وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا حەز ناکەن ناوچەکە ئارام بێت، بۆئەوەی نەتوانین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رووسیا لە کەشێکی ئارامدا بەرەو پێشەوە ببەین."
 
ئەمڕۆ هەینی 11-10-2024 مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە پەراوێزی کۆڕبەندی "پێکەوە گرێدانی سەردەم و کولتوورەکان" کە لە تورکمانستان بەڕێوەچوو، لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، هاوتا رووسییەکەی کۆبووەوە.
 
پزیشکیان لە دیدارەکەدا بە پووتینی رایگەیاند، "پەیوەندیمان لەگەڵ رووسیا دۆستانە و ستراتیژییە، رۆژ بە رۆژ پەیوەندییەکانمان لە بوارەکانی ئابووری، کولتووری و کۆمەڵایەتی بەهێزتر دەبن."
 
سەرۆککۆماری ئێران گوتیشی، دوو وڵاتی ئێران و رووسیا بۆ یەکدی دەرفەتێکی باشن و "دەتوانین لە سەرجەم بوارەکاندا هاوکاریی یەکدی بکەین، چونکە دیدگا و هەڵوێستەکانمان لە جیهاندا، بەراورد بە وڵاتانی دیکە زۆر لە یەکدی نزیکە."
 
سەرەتا پووتین لە دیدارەکەدا قسەی کرد و دووبارە داوای لە پزیشکیان کردەوە لە 16یەمین لووتکەی گرووپی بریکسدا بەشداری بکات، کە 22 تاوەکو 24ی ئۆکتۆبەر لە شاری کازانی رووسیا بەڕێوەدەچێت.
 
سەرۆککۆماری ئێران باسی لەوە کرد، "لە لووتکەی گرووپی بریکسدا بەشدار دەبین، بۆئەوەی ئەو رێککەوتنانەی تاوەکو ئێستا نووسراون، پێکەوە بیانگەیێنینە ئامانج، هەروەها پلان و بەرنامەی ستراتیژیش واژۆ بکەین."
 
پزیشکیان لە قسەکانیدا ئاماژەی بە گرژییەکان کرد و گوتی، "دۆخی ناوچەکە قەیراناوییە و وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا حەز ناکەن ئارام ببێتەوە، بۆئەوەی نەتوانین [رووسیا و ئێران] ئەو پەیوەندییانە لە کەشێکی ئارامدا بەرەو پێشەوە ببەین."
 
بریکس لە ساڵی 2009 دامەزراوە، کورتکراوەی پیتی یەکەمی دامەزرێنەرانییەتی کە پێکدێن لە بەرازیل، رووسیا، هیندستان، چین و ئەفریقای باشوور. هاوپەیمانێتییەکە ئابوورییە و سێیەکی ئابووریی جیهان و 40%ی ژمارەی دانیشتووانی جیهان پێکدەهێنێت. تاوەکو ئێستا 15 لووتکەیان بەستووە و لە دوایین لووتکەدا، بڕیاریاندا شەش وڵاتی دیکە بکەنە ئەندامی ئەو گرووپەکە، ئەوانیش ئەرجەنتین، ئێران، سعودیە، میسر، ئیمارات و ئەسیوپیان. زیاتر لە 20 وڵاتی دیکەش داواکاریی ئەندامبوونیان پێشکێشکردووە.