توێژینەوەیەک: تاوەکو ساڵی 2050 نزیکەی 150 ملیۆن کەس ناوچەکانیان ژێرئاو دەکەون

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
بەگوێرەی رێکخراوە ژینگەییەکانی شارۆچکەکە، ساڵانە کەناری ئاوی دەریاکە دوو مەتر زیاتر لێیان نزیک دەبێتەوە.
بەگوێرەی رێکخراوە ژینگەییەکانی شارۆچکەکە، ساڵانە کەناری ئاوی دەریاکە دوو مەتر زیاتر لێیان نزیک دەبێتەوە.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

شارۆچکەی بارنیی سەنیگال لەسەر کەناراوی زەریای ئەتلەنتیک 26 هەزار دانیشتووی هەیە و مەترسیی ژێرئاوکەوتنی هەیە. 
 
ئیبراهیم بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەوە ناچارە زوو زوو دیواری پەرژینی ماڵەکەی چاکبکاتەوە، بەڵام پێناچێت چیدی ئەمە یارمەتیدەری بێت. 
 
ئیبراهیم دیۆف، هاووڵاتیی سەنیگالی دەڵێت: "سەرقاڵی دروستکردنی دیواری پەرژینی ماڵەکەمم کە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاوە رووخا. زوو زوو ئەو کارە دووبارە دەکەینەوە."
 
بەگوێرەی رێکخراوە ژینگەییەکانی شارۆچکەکە، ساڵانە کەناری ئاوی دەریاکە دوو مەتر زیاتر لێیان نزیک دەبێتەوە. 
 
بە گوێرەی ماڵپەڕی پریڤێنشن وێب کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاوە 50٪ی شار، شارۆچکە و گوندەکانی سەر کەناراوەکانی سەنیگال تاوەکو ساڵی 2030 بە ئەگەرێکی زۆرەوە ژێرئاو دەکەون. 
 
ندەیی یاسین دینگ، هاووڵاتییەکی دیکەی سەنیگالییە و دەڵێت: "ترسم هەیە و دڵنیام کە ئەگەر چارەسەرێک نەدۆزرێتەوە، بارنی ژێرئاو دەکەوێت. زۆر جار سێ بەشی ماڵەکان ژێرئاو دەکەون و هیچ چارەسەرێکمان نییە." 
 
توانەوەی بەستەڵەکی جەمسەرەکانی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە بە هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا و زەریاکان دادەندرێت. 
 
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی سەنتەری کلایمت سێنتراڵ کە تایبەتە کە لێکۆڵینەوە لەبارەی کەشوهەوا، تاوەکو ساڵی 2050 بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا و زەریاکانەوە 150 ملیۆن کەس لە جیهاندا ناوچەکانیان ژێر ئاو دەکەوێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە