نەرویج بەنیازە یاسای کۆچبەری بگۆڕێت و رێگە نەدات کۆچبەران دایک و باوکیان ببەنە وڵاتەکە

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی نەرویج کار لەسەر پێشنیازنامەیەک دەکات بۆ گۆڕینی یاسای کۆچبەری لەو وڵاتە.
 
حکومەتی ئەو وڵاتە دەیەوێت چیدیکە رێگە نەدرێ ئەو کەسانەی لە نەرویج دەژین و دایکیان یان باوکیان تەمەنی لە سەرووی 60 ساڵە و لە وڵاتی خۆیەتی، بهێندرێتە نەرویج.
 
بەپێی یاساکانی ئێستای نەرویج، ئەمە دەکرێت. حکومەتی نەرویجی پێیوایە بەو گۆڕانکارییە لە لایەکەوە کۆچبەر بۆ نەرویج کەم دەکرێتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە ئەرکی دارایی و پابەندییەکانی دیکە لەسەر دەوڵەت کەم دەکاتەوە.
 
وەزیری دادی نەرویج دەڵێت، هەرچەندە ئەو کەسانە بەو مەرجە مافی مانەوەیان لە نەرویج دەدرێتێ کە منداڵەکانیان ئەرکی ژیانیان بگرنە ئەستۆ، بەڵام بە ئەزموون سەلماوە کە دواتر ئەو ئەرکە کەوتووەتە سەر شانی دەوڵەت.