راوێژکاری ئەڵمانیا گەیشتە وڵاتی نەیجەر

رووداو - هەولێر

بە سەردانێکی خێرا، ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیا گەیشتە وڵاتی نەیجەر لە رۆژئاوای ئەفریقا و لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

سەردانەکەی ئەنگێلا مێرکڵ بۆ رۆژئاوای ئەفریقا، هەرسێ وڵاتی نەیجەر، مالی و ئەسیوپیا دەگرێتەوە.

ئامانجی سەردانەکەی مێرکل رووبەڕووبوونەوەی هەڵکشانی گرووپە چەکدارە تووندڕەوەکانە لە رۆژئاوای ئەفریقا.

محەممەدو ئیسۆفو، سەرۆکی نەیجەر دەڵێت "چارەسەرکردنی کێشەی ئاسایشی مالی بە واتای چارەسەرکردنی کێشەی ئاسایشی نەیجەر دێت. سوپاسی مێرکڵ دەکەین کە بڕیاریداوە 650 سەربازی ئەڵمانی رەوانەی مالی بکات. ئێمە ئامادەین بنکەی سەربازی لۆجستی بۆ ئەڵمانیا بکەینەوە، تاوەكو باشتر رووبەڕووی گرووپە چەکدارە تووندڕەوەکان ببینەوە لە مالی و رۆژئاوای ئەفریقا".

بەناردنی ئەو سەربازانە، سوپای ئەڵمانیا بەشداری لە پرۆسەی جێگیرکردنی ئاشتی لە وڵاتی مالی دەکات.

ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیاش گوتی "ئێمە چاومان لە پەیوەندی نزیک و بەهێز هەیە لەگەڵ حکومەتی نەیجەر. دەبێت هاوکاری نەیجەر بکرێت لە جەنگیدا لەبەرامبەر قەیرانی نایاسایی کۆچبەران. پێویستە میکانیزم و ئامرازی لۆجستی و دارایی تایبەت بە چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە بخرێتە بەردەستی نەیجەر".

پێگەی جوگرافی نەیجەر وایکردووە ببێتە خاڵێکی گرنگی گواستنەوەی کۆچبەران لە ناوچە جیاجیاکانی ئەفریقا بەرەو باکووی ئەو کیشوەرە، هاوکات تۆڕێکی گەورەی قاچاخچییەکان و باندەکانی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان لە نەیجەر درووستبووە، کە بەیەکێک لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی گرووپە چەکدارە تووندئاژۆکان دادەنرێت.

بەر لە گەشتەکەی بۆ ئەفریقا، لەلێدوانێکیدا، مێرکل رایگەیاندبوو، لەسەدا 90ی کۆچبەرەکان کە دەگەنە وڵاتی لیبیا لەڕێگەی وڵاتی نەیجەرەوە دێن و لەوێوە خۆیان دەگەیێننە ئەوروپا.