ئۆپۆزیسیۆنی پۆڵەندا کۆنسوڵخانەکانی وڵاتەکەی بە وەرگرتنی بەرتیل تۆمەتبار دەکات

11-09-2023
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئۆپۆزسیۆنی پۆڵەندا کونسوڵخانەکانی ئەو وڵاتە بە "پێدانی سەتان هەزار ڤیزەی وڵات لە بەرامبەر وەرگرتنی بەرتیل" تۆمەتبار دەکات.
 
رۆژی دووشەممە، 11-9-2023، پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی پۆڵەندا، پارتی فەرمانڕەوای وڵات بە "درۆزن و ساختەکار" ناوبرد و رایگەیاند: "لە ژێر سایەی ئەو پارتە  کونسوڵخانەکانی پۆڵەندا لە بەرامبەر وەرگرتنی پارە وەک بەرتیل سەتان هەزار ڤیزەی بەناوی کار بە هاووڵاتییانی دەرەوەی ئەوروپا داوە کە دواتر وەک کۆچبەر چوونەتە ئەو وڵاتە." دەشڵێت، "لە کاتێكدا پارتی فەرمانڕەوا بانگەشەی پەیڕەوکردنی سیاسەتی دژە کۆچبەران دەکات، خۆی بەرپرسە لە چوونی سەتان هەزاریان بەرەو ئەوروپا."
 
دۆناڵد توسک، سەرۆکی پارتی پی ئای ئێس، گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی پۆڵەندا لەو بارەیەوە پرسیارێکی رەخنەئامێزی کرد و گوتی: "ئایا دەزانن چ حکومەتێك لە ئەوروپا بەرپرسە لە هێنانی زۆرترین کۆچبەری موسڵمان بۆ ئەوروپا؟ حکومەتەکەی پارتی نیشتمانی یاسا و دادوەریی فەرمانڕەوای پۆڵەندایە." 
 
ئەو پارتە سیاسەتی دژە کۆچبەران پەیڕەو دەکات و  بەرپرسە لە دروستکردنی پەرژینی دڕکاوی لەسەر سنووری بێلاڕووس کە چەند ساڵێکە لە رێگەیەوە هەزاران کۆچبەر، لە نێویاندا کورد، چوونەتە پۆڵەندا و لەوێوە رێگەی وڵاتانی دیکەی ئەوروپا دەگرنەبەر.
 
بڕیارە لە 15ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە پۆڵەندا بەڕێوەبچێت و ئۆپۆزیسیۆن ئەو مژارەی لە میدیا خستووەتەڕوو و بە "سکانداڵ" یاخود کارێکی "ئابڕووبەرانە" ناوی دەبات.
 
میدیای پۆڵەندی باس لەوە دەکات، گوایە پیۆتیر واوریزیک، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بەرپرس بووە لە رێکخستنی بەرنامەیەک بۆ پێدانی ڤیزەی پۆڵەندا بە هاووڵاتییانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بە دیاریکراوی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی دیکەی تازەپێگەیشتوو لە بەرامبەر پێنج هەزار دۆلاری ئەمریکی.
 
پۆلیسی "دژە گەندەڵی"ی ئەوروپا لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکات، هەرچەندە لە 31-8-2023، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا لەسەر بنەمای ئەو هەواڵانە، ئەو بەرپرسەی لە وەزارەتی دەرەوە دەرکرد.
 
باسکردنی ئەو بابەتە لە میدیای پۆڵەندا و ئاشکرابوونی لەدوای رەخنە و گازندەی یەکێتیی ئەوروپا هات لە بارەی "زیادبوونی ژمارەی ڤیزە پێدراوەکانی پۆڵەندا لە وڵاتانی ئاسیا، ئەفریقا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
 
سەرچاوەیەک بە وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندای گوتووە: "لە وڵاتێكی ئەفریقی ریزێكی درێژ لەبەردەم باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەی پۆڵەندا هەیە بۆ وەرگرتنی ڤیزە بە پارە."
 
کۆنسوڵخانەکانی پۆڵەندا ڤیزەیەکیان داوە کە ناوی "مۆڵەتی مانەوەی سەرەتای"یە، هەرچەندە ئەو ڤیزەیە تایبەتە بە مانەوە لە پۆڵەندا، بەڵام هەڵگرەکانی بەکاریانهێناوە بۆ کۆچکردن بەرەو وڵاتانی دیکەی ئەوروپا کە لە ناوچەی ناسراو بە "زۆنی شنگنن" کە خودی پۆڵەنداش ئەندامیەتی.
 
لە ساڵی 2021، پۆڵەندا زیاتر لە 970 هەزار ڤیزەی لەو جۆرەی داوە کە دەکاتە یەک لەسەر سێی کۆی ئەو ڤیزانەی کە 26 وڵاتەکەی دیکەی یەکێتیی ئەوروپا بە هاووڵاتییانی دەرەوەی یەکێتییەکەیان داوە.
 
بەگوتەی "هاوپەیمانی سیڤیل"ی ئۆپۆزیسیۆنیش لە سێ ساڵی رابردوودا زیاتر لە 350 هەزار ڤیزە پێچەوانەی رێکار و رێنماییەکان دراونەتە هاووڵاتییانی دەرەوەی ئەوروپا.
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.