کوردانی ئێزدی دژی ناردنەوەیان لەبەردەم پەرلەمانی ئەڵمانیا خۆپێشاندانیان کرد

11-09-2023
سۆران حوسێن
دیمەنی خۆپێشاندانەکە
دیمەنی خۆپێشاندانەکە
نیشانەکردن کوردانی ئێزدی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کوردانی ئێزدیی نیشتەجێی ئەڵمانیا دژی ناردنەوەیان بۆ باشووری کوردستان لەبەردەم پەرلەمانی ئەو وڵاتە خۆپێشاندانێکیان کرد.
 
ژمارەیەک لە کوردانی ئێزدیی دانیشتووی ئەڵمانیا رۆژی یەکشەممە (10ـی ئەیلوولی 2023) لەبەردەم پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا خۆپێشاندانێکیان کرد و داوایان کرد، هیچ کوردێکی ئێزدی بەزۆر نەنێردرێتەوە.
 
عەلی جەندۆ، ئەندامی رێکخراوی ماڵی کولتووریی ئێزدییان لە بەرلین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیارێکی حکومەتی ئەڵمانیا هەیە کە هەر کەسێک مافی مانەوەی وەرنەگرتبێت، بینێردرێتەوە عێراق؛ گوتیشی، "دەمانەوێت ئەو بڕیارە ئێمە نەگرێتەوە و هیچ ئێزدییەک بەزۆر دیپۆرتی عێراق و هەرێمی کوردستان نەکرێتەوە."
 
عەلی جەندۆ ئاماژەی بەوەکرد، هەر کوردێکی ئێزدی بنێردرێتەوە، بەرپرسیاریێتی سەلامەتییان دەخەنە ئەستۆی حکومەتی ئەڵمانیا. باسی لەوەشکرد، 90%ـی کوردانی ئێزدی لە ئەڵمانیا مافی مانەوەیان وەرگرتووە. 
 
خۆپێشاندانی کوردانی ئێزدی لەکاتێکدایە، گەنجێکی ئێزدی بەناوی جۆن سەعدی، رۆژی 8ـی ئابی 2023 لە ئەڵمانیاوە دیپۆرتی هەولێر کرایەوە و دوای دوو رۆژ و لە 10ـی ئاب، تەرمەکەی نزیک لە یاریگەی فرانسۆ هەریری لە هەولێر دۆزرایەوە. بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو بۆ مردنەکەی، جۆن بە مردنێکی ئاسایی و لەناکاو گیانی لەدەستدابوو. پۆلیس بە رووداوی گوت، "هیچ شوێنێکی گولـلە و ئەشکەنجە بە گیانی جۆنەوە نەبووە."
 
ژمارەی کوردانی ئێزدی لە باشووری کوردستان پێش شەڕی داعش نزیکەی 550 هەزار کەس بوو. بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، نزیکەی 120 هەزار ئێزدی کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات و 135 هەزار و 860 کەسیشیان لەنێو کامپەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین.
 
بەگوێرەی ئامارەکە، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی هێرشی داعشەوە لە 3ـی ئابی 2014ـدا رفێندران، 6417 کەس بوو؛ 3548 کەسیان لە رەگەزی مێ و 2869 کەسیان لە رەگەزی نێر. لەو ژمارەیە 3570 کەسیان رزگار کراون؛ 1208 ژن، 339 پیاو، 1066 منداڵی کچ و 957 منداڵی کوڕن.
 
 لە ئامارەکەی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعشدا هاتووە، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی شەڕی داعشەوە گیانیان لەدەستدا، نزیکەی 5000 کەس بوو.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە