جیهان
سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا دەڵێت، هێرشە ئەلیکترۆنییەکە بێ زیان بووە و هیچ داتایەک نەسڕاوەتەوە. وێنە: AP
رووداو دیجیتاڵ
ئەلبانیا رایدەگەیێنێت، بۆ جاری دووەم "لەلایەن ئێرانەوە" هێرشی سایبەری، یاخود ئەلیکترۆنی، کراوەتەوە سەر دامودەزگاکانی حکومەتی وڵاتەکەیان.
رۆژی شەممە 10ی ئەیلوولی 2022 وەزارەتی ناوخۆی ئەلبانیا رایگەیاند، "رۆژی هەینی سیستمەکانی کۆمپیوتەری پۆلیسی ئەلبانیا دووچاری هێرشێکی سایبەری بوونەوە."
لە دوو مانگی رابردوودا ئەوە دووەمین جارە هێرشی سایبەری دەکرێتە سەر دامودەزگاکانی حکومەتی ئەلبانیا؛ بەپێی وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەش، هەردوو هێرشەکە لە یەک سەرچاوەوە کراون.
وەزارەتی ناوخۆی ئەلبانیا ئاماژەی بەوە کردووە، لە هەمان سەرچاوەی سیستمی کۆنترۆڵکردنی کۆمپیوتەری لە بەندەرەکان و فڕۆکەخانەکان و بنکە سنوورییەکان کوژاندووەتەوە، ئەمەش بە گوتەی ئەلبانیا، "بە مەبەستی ئەوە بووە کە هێرشی ئەلیکترۆنییان نەکرێتەسەر."
لە تویتێکدا ئیدی رەما، سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا رایگەیاندووە، "هێرشێکی سایبەریی دیکە لەلایەن هەمان شەڕانگێزەوە کرایە سەرمان. لەلایەن وڵاتە هاوڕێکانی ئەلبانیاوە سەرکۆنە کرا."
بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا، هێرشە ئەلیکترۆنییەکە بێ زیان بووە و هیچ داتایەک نەسڕاوەتەوە.
ئەلبانیا، تاران بە هێرشە سایبەرییەکەی رۆژی 15ـی تەممووز تۆمەتبار دەکات، بۆیە رۆژی 7ـی ئەیلوولی 2022 ستافی باڵیۆزخانەی ئێرانی ئاگادار کردەوە کە لە ماوەی 24 کاژێردا تیرانای پایتەخت بەجێبهێڵن، بەڵام ئێران رەتیکردەوە لەپشت هێرشە ئەلیکترۆنییەکەوە بووبێت.
هەردوو وڵات ساڵانێکە گرژی لە پەیوەندییەکانیان هەیە، بەتایبەت کاتێک لە ساڵی 2016 بنکەی سەرەکیی رێکخراوی موجاهیدینی خەلقی ئێران لە عێراقەوە گواسترایەوە بۆ ئەلبانیا، ئێستا نزیکەی دوو هەزار ئەندامی موجاهیدین لەو وڵاتە نیشتەجێن.
پێشتر ئێران لە شەڕی کۆسۆڤۆ و بۆسنە لە دەیەی 90ی زایینی پشتگیریی لە ئەلبانیا کردبوو، بەڵام دوای ئەوەی ئەلبانیا بە فەرمی دانی بە ئیسرائیلدا نا و لە بەرەی رۆژئاوا دژی ئێران وەستا، پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە سارد بووەوە. ئەلبانیا ساڵی 2018 ئێرانی بە هەوڵدان بە هێرشی تیرۆریستی لەو وڵاتە تۆمەتبار کرد و باڵیۆزی ئەو وڵاتەی دەرکرد، بەڵام ئێران رەتیکردەوە و رایگەیاند، لەژێر گوشاری ئەمریکا و ئیسرائیل بە ناڕاست تۆمەتباری کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ