حکومەتی یۆنان بەهۆی ئاگرکەوتنەوە داوای چۆڵکردنی شارۆچکەیەک دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ئاگری دارستانەکانەوە بەرپرسانی یۆنان داوای چۆڵکردنی شارۆچکەی ماراسۆن دەکەن کە تەنیا 40 کیلۆمەتر لە ئەسینای پایتەختەوە دوورە.
رۆژی یەکشەممە، 11ی ئابی 2024، بەرپرسانی یۆنان رایانگەیاند، داوا لە دانیشتووانی شارۆچکەی ماراسۆن دەکەن بە ئاڕاستەی شارۆچکەی نیا ماکری بڕۆن. ئەمە بەهۆی ئاگرێکەوە کە دەورووبەری شارۆچکەکەی گرتووەتەوە.
شارۆچکەی ماراسۆن بە دووری 40 کیلۆمەتر کەوتووەتە رۆژهەڵاتی ئەسینای پایتەخت. ژمارەی دانیشتووانی شارۆچکەکە نزیکەی 30 هەزار کەسە.
بە گوێرەی بەرپرسانی یۆنان، پار هەزار و 150 ئاگر لە دارستانەکانی ئەو وڵاتە کەوتنەوە و ئەمەش زۆرترین بووە لە ساڵێکدا، بەو هۆیەوە لانیکەم هەزار و 500 کیلۆمەتر دووجا دارستان سووتا.
چەند ساڵێکە یۆنان رووبەڕووی گەرمای بەتین و کەمی باران بووەتەوە. بەگوێرەی کەشناسیی یۆنان، زستان ئەم ساڵ کەمترین سەرمای هەبووە و لە ساڵی 1960یشەوە مانگەکانی حوزەیران و تەممووز گەرمترین بوون. باران کەمیکردووە و لە زۆربەی ناوچەکان گەیشتووەتە 50٪.