بەربژێرەکەی ترەمپ بۆ جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە عێراق چی کردووە؟

رووداو دیجیتاڵ

جێگرەکانی دۆناڵد ترەمپ و کامالا هاریس لەسەر عێراق دەبێتە مشتومڕیان. جەی دی ڤانس، بەربژێری ترەمپ بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر تیم واڵزی بەربژێری هاریس و دەڵێت، پێش ئەوەی هێزەکەیان بنێردرێت بۆ عێراق، واڵز خۆی دزیوەتەوە و ریزەکانی سوپای جێهشتووە. 
 
ڤانس بە رۆژنامەڤانانی گوت "کە هێزی مارێنزی ئەمریکا داوای لێ کردم بڕۆمە عێراق و خزمەت بە وڵاتەکەم بکەم، کردم" بەڵام کاتێک سوپا داوای لە تیم واڵز کرد "بچێتە عێراق، لە سوپا کشایەوە و لێیگەڕا هێزەکەی بێ ئەو بچێتە عێراق."
 
دیموکراتەکان هەر زوو لەسەر ئەوە هاتنە زمان و بەرگریان لە بەربژێرەکەیان کرد. 
 
بە گوتەی دیموکراتەکان، چەند مانگێک پێش ئەوەی هێزی پاسەوانی نیشتمانیی مینیسۆتا ئاگاداربکرێتەوە لەوەی دەنێردرێنە عێراق، واڵز ناوی خۆی بۆ هەڵبژاردنی کۆنگرێس تۆمارکردبوو و لە هێزەکە دەستی لە کار کێشابووەوە. 
 
بەڵام ڤانس بە رەخنەگرتن لە رکابەرەکەی، سەرئێشەی بۆ خۆی دروستکرد و، وایکرد مێژووی خزمەتە سەربازییەکەی لە عێراق بکەوێتە ژێر وردبینی و رەخنەی توندی دیموکراتەکانەوە. 
 
ئەو کاتە، ڤانس لە عێراق لەگەڵ هێزی مارێنز وەک رۆژنامەڤان کاریکردبوو، واتە زانیاریی کۆدەکردەوە و هەواڵی بۆ ماڵپەڕ و پێگەکانی سەر بە هێزی مارێنز دەنووسی. 
 
دوای ئەوەی هێرشی کردە سەر واڵز، هەندێ لە دیموکراتەکان رۆڵی ڤانسیان لەنێو مارێنز بە کارتۆنی وەسفکرد، بەهۆی ئەوەی گوایە جگە لە نووسین، هیچی نەکردووە و دەستی لە چەک نەداوە. 
 
بەڵام کوڵن تایەرنان، کە هاوشانی ڤانس وەک پەیامنێرێکی جەنگی لە عێراق خزمەتی بە سوپای ئەمریکا کردووە، بە میدیای بەریتانی گوتووە، کارەکەیان بێ مەترسی نەبوو. 
 
تایەرنان دەڵێت "کە یەکەم جار فڕۆکەکەمان [لە عێراق] نیشتەوە، لە شارۆچکەی بەغدادییەوە بە هاوەن و رۆکێت هێرشکرایە سەرمان. بێگومان ئێمە بەو شتە حەپەساین. من زۆر بەلامەوە سەیرە هەندێ خەڵک نکۆڵی لە کاری پەیامنێرانی جەنگی دەکەن، یان لە بەهاکەی کەمدەکەنەوە. کاتێک تۆ لەگەڵ یەکەی کێوماڵکردن بە پێ دەڕۆی، یان کە تۆ بە هێلیکۆپتەرێک بەنێو خۆڵباریندا دەڕۆی، یان کاتێک مینێکی چێنراو دێتە رێگەت و دەبینی خەڵک بەر تەقینەوە کەوتوون، ئەوا تۆش لە هەمان ئەو ئەزموونەدایت. ئەوەی کە جیاوازە، تەنیا ئەوەیە کامێرایەکت پێیە و پێویستە تۆماریبکەیت."
 
ڤانس دوای تەواوکردنی قوتابخانەی ئامادەیی لە ساڵی 2003، لە هێزی مارێنزدا ناونووسکرا. ئەو کات پاشناوی زڕباوکی هەڵگرتبوو و ناوی تەواوی جەیمس دی هامێل بوو. 
 
دوای چوار ساڵ کارکردن لەگەڵ هێزی مارێنز لە کارۆلاینای باکوور، بۆ ماوەی شەش مانگ، لە ئابی 2005 تاوەکو سەرەتای 2006 لە بنکەی عەین ئەسەدی پارێزگەی ئەنباری رۆژئاوای عێراق، جێگیرکرابوو. 
 
لە ماوەی ئەرکەکەیدا، ڤانس ناوبەناو لە بنکەکە دەچووە دەرەوە و سەردانی قائیم و شارۆچکەکانی دیکەی سەر رووباری فووڕاتی دەکرد بۆ ئەوەی راپۆرت لەسەر کارەکانی هێزی مارێنز ئامادە بکات. تایەرنان دەڵێت، هەموو جارێک تفەنگی M16 و دەمانچەیەکیان هەڵدەگرت. 
 
بیرەوەرییەکانی عێراق ڤانس دەگەیێننە کۆنگرێس و بەردەرگای کۆشکی سپی
 
ڤانس لە ساڵی 2016، بیرەوەرییەکانی خۆی لە پەرتووکێکدا بە ناونیشانی 'Hilbilly Elegy' بڵاوکردەوە، کە تێیدا باس لەوە دەکات، "بەختەوەر" بووە تووشی هیچ شەڕێکی راستەقینە نەبووە، بەڵام ئەو ماوەیەی کە تێیدا جێگیرکرابوو، ماوەیەکی ئارام نەبوو. ئەو کات، تازە سێ ساڵ بەسەر لەشکرکێشیی ئەمریکا بۆ سەر عێراق تێپەڕی بوو. 
 
ساڵی 2005 عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی و گشتپرسیی دەستوورە نوێکەی کرد. هەر لەو ساڵەدا، 844 سەربازی ئەمریکی لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق کوژران. 
 
ساڵی دواتر شەڕی تایفەگەری لەنێوان شيعە و سوننە هەڵگیرسا و رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق' دروستبوو کە دواتر بووە داعش. 
 
تایەرنان بە میدیای بەریتانیای گوتووە، کاری ئەوان وەک پەیامنێری جەنگی، "گێڕانەوەی چیرۆکی مارێنزەکان بوو."
 
ئەو لە بارەی مارێنزەکانەوە دەڵێت "ئەم کەسانە بە شان و باڵی خۆیان هەڵنادەن، بۆیە ئامانج لە کارەکەمان ئەوە بوو خێزان، دۆست و کەسوکاریان ئاگادارکەینەوە لەوەی ئەوان چ کارێک دەکەن و چ قوربانییەک دەدەن."
 
ئەو کاتەی لە عێراق بوو، ڤانس لانیکەم 11 راپۆرتی لە ماڵپەڕی هێزی مارێنز بڵاوکردەوە. 
 
یەکەمینیان لە 11ـی ئەیلوولی 2005 بوو لەبارەی دروستکردنی ژمارەیەک بنکەی سەربازی لە لایەن هێزی مارێنزەوە بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق. 
 
لە راپۆرتێکی دیکەیدا باسی لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزی مارێنز کردبوو کاتێک لە باکووری رۆژئاوای عێراق بە هانای یەکێک لە نیشانشکێنەکانیانەوە دەچن کە لە شەڕێکدا بریندارببوو. 
 
ڤانس لەو راپۆرتەدا نووسیویەتی "خۆشبەختانە، نیشانشکێنەکە هێشتا زیندوو بوو، بەڵام پێویستی بە چارەسەری پزیشکیی بەپەلە بوو. بەڵام کێشەیەک هەبوو. نزیکترین هێلیکۆپتەری گواستنەوەی تەرم و بریندارەکان، چەندین میل لێمانەوە دووربوو و، هێشتا لە شوێنی خۆی نەفڕیبوو. پاراستنی ژیانی ئەو مارێنزە، پێویستی بەوە بوو دەستبەجێ بگوازرێتەوە."
 
تایەرنان دەڵێت، ڤانس، ئەو کاتەی راپۆرتی لەسەر کارەکانی هێزی مارێنز لە عێراق دەنووسی، فێری "هونەری چیرۆکگوتنەوە" بوو، کە هەر ئەوەش بوو وایکرد بتوانێت پەرتووکی 'Hibilly Elegy - شیوەنی لادێیەکان' بنووسێت کە پڕفرۆشترینی خۆیەتی. هەر بەهۆی ئەو پەرتووکەشەوە بوو کە ڤانس ناوبانگێکی زۆری پەیدا کرد و رێگە لەبەردەمدا کرایەوە بۆ ئەوەی بە نوێنەرایەتیی ویلایەتیی ئۆهایۆ، ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا و لە کۆتاییشدا بەربژێری کۆمارییەکان بۆ پۆستی جێگری سەرۆک.
 
تایەرنان هیواخوازە ئەگەر ڤانس ببێتە جێگری سەرۆک، هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی ململانێکان بدات، بەو پێیەی کە رۆژانێک، ئەویش دوور لە ماڵ و منداڵ، لە نێو جەنگدا بووە و بە چاوی خۆی نەهامەتییەکانی بینیوە. 
 
ڤانس و تایەرنان هەردووکیان دوای جێهێشتنی عێراق و گەڕانەوەیان بۆ ئەمریکا، ئاماژەیان بەوە کردبوو بۆیان دەرکەوتووە، ئەو تێگەیشتنەی سەرەتا بۆ جەنگەکەیان هەبووە، هەڵە بووە. 
 
ڤانس لە گوتارێکی ساڵی 2020ـدا نووسیبووی "لە ساڵی 2005 رۆیشتم بۆ عێراق، ئەو کات گەنجێکی نایابخوازبووم کە سوور بووم لەسەر بڵاوکردنەوەی دیموکراسی و لیبرالیزم لە وڵاتە پاشکەوتووەکانی جیهان. [بەڵام] ساڵی 2006 کە گەڕامەوە، گومانم بۆ دروستببوو لەسەر جەنگ و ئەو ئایدۆلۆجیایەشی لە پشتییەوە بوو."