ژن و پیاوێکی بەریتانی بەهۆی هێرشکردنە سەر کوردێک زیندانی دەکرێن

20 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە شاری گەیتسهێدی بەریتانیا، لەسەر هێرشکردنە سەر کوردێک و بریندارکردنی بە بۆرییەکی ئاسن، ژن و پیاوێکی "نەژادپەرست" خرانە زیندانەوە. 
 
پیاوەکە ناوی دامیان سمیز و تەمەن 36 ساڵە و ژنەکەش ناوی دۆن تۆمپسنە و 48 ساڵە، پەیوەندیی سۆزدارییان هەبووە. ئەو ژن و پیاوە لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵ هێرشیان کردە سەر پیاوە کوردەکە و پێیان گوتووە، "بگەڕێوە وڵاتەکەت."
 
پیاوە کوردەکە لە بەریتانیا مافی پەنابەری هەیە و لەگەڵ هاوژینەکەی لە شوقەیەکدا دەژیان و دراوسێی دوو تاوانبارەکە بوون، بەڵام لەو کاتەوە بە ناچاری ئەو شوێنەیان جێهێشتووە. 
 
هەفتەی رابردوو، سمیز و تۆمپسن بە تاوانی بریندارکردن و دزینی مۆبایلێک سزایان بۆ دەرکرا، ئەوەش دوای ئەوەی دوو تاوانبارەکە دانیان بە تاوانەکەیاندا نا. 
 
پیاوە کوردەکە لە نهۆمی پێنجەمی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە ناوچەی لۆف کۆرت لە شاری گەیتسهێد لەگەڵ هاوژینەکەی دەژیا و لە فرۆشگەیەکی ناوچەکە کاری دەکرد. ئەو دوو هاونیشتمانییە لە ساڵی 2019 مافی پەنابەرییان وەرگرت، بەڵام زوو زوو لە لایەن سمیز و تۆمپسنەوە توانجی نەژادپەرستانەیان لێدراوە. 
 
دوو تاوانبارەکە لە دوو شوقەی جیای نهۆمی یەکەمی هەمان باڵەخانەدا دەژین. 
 
جێسیکا سلۆتەر، پارێزەری پیاوە کوردەکە دەڵێت، "سکاڵالێکراوەکان [بە پیاوە کوردەکەیان] گوتووە بگەڕێوە وڵاتەکەت، چیدیکە بە کوردی قسە نەکەیت و بە ئینگلیزی قسە بکە. ئەو قسانە بۆ پیاوەکە، نەژادپەرستانە و دوژمنکارانە بوون."
 
بەڵام لە 20-01-2024 قسەکانیان سەریاننا بۆ تووندوتیژی. سلۆتەر ئاماژە بەوە دەکات، کاتێک پیاوە کوردەکە لە بازاڕ گەڕاوەتەوە و چاوەڕێی ئاسانسواری کردووە، تۆمپسن (ژنەکە) لە شوقەکەی چووەتە دەرەوە و "رەفتاری نابەجێی" بەرامبەر پیاوە کوردەکە کردووە و پێی گوتووە، "بۆچی سەیرم دەکەی؟ هاوبەشی ژیانی خۆم هەیە". پیاوە کوردەکە لە وەڵامدا پێی گوتووە کە سەیری ئەوی نەکردووە و کەسێکی هاوژیندارە.
 
وەک داواکارەکە باسی دەکات، تۆمپسن رایکردووە بۆ شوقەی سمیز (پیاوەکە) و بانگی کردووە؛ دواتر سمیز بە توڕەیی چووەتە دەرەوە و بەسەر پیاوە کوردەکەدا هاواری کردووە و گوتویەتی، "بۆچی سەیری خۆشەویستەکەم دەکەی؟ لەبەر ئەوەی هیچ کەسی ئینگلیز لە وڵاتەکەت نییە؟ بڕۆ ملت بشکێنە، بگەڕێوە وڵاتەکەت."
 
دواتر سمیز بە بۆرییەکی ئاسنەوە هێرشی کردووەتە سەر پیاوە کوردەکە و بە سەریدا کێشاویەتی و برینداری کردووە. 
 
سمیز هەوڵی داوە بۆرییەکی دیکەی لێ بدات، بەڵام پیاوە کوردەکە دەستی داوەتە بەر بۆریەکە و نەیهێشتووە لێی بدات؛ لەو کاتەیشدا مۆبایلی دەکەوێت و سمیز لێی دەبات. 
 
پاشان پیاوە بەریتانییەکە چەند بۆکسێکی لە دەموچاوی پیاوە کوردەکە داوە؛ لەگەڵ گەیشتنی بە ماڵەوە، هاوژینەکەی تەلەفۆنی بۆ پۆلیس کردووە. 
 
چەند کاژێرێک دوای ئەوە، تۆمپسن و سمیز دەستگیرکراون و مۆبایلی پیاوە کوردەکە لە ژێر فەرشێکی شوقەکەی سمیز دۆزراوەتەوە. تۆمپسن سەرەتا هەوڵی دابوو پۆلیس فریو بدات و پێیانی گوتبوو، تەنیا بەرگری لە خۆی کردووە. 
 
سمیز پێشتر بەهۆی 16 سەرپێچی، لە نێویاندا دزیکردن، تێکدان، گیرفانبڕین، لێدان، هەڵگرتنی چەقۆ و مادەی هۆشبەر، 13 جار سزادرابوو.
 
تۆمپسن 63 جار بەهۆی 181 سەرپێچی سزادرابوو کە زۆربەیان پەیوەندییان بە دزیکردنەوە هەبوو. 
 
شۆن رۆتلێج، پارێزەری پیاوە بەریتانییەکە گوتی، "ئەو خۆی بە نەژادپەرست دانانێت؛ تەنیا لە کاتی سەرپێچییەکەدا هەندێ کێشەی هەبووە،" گوتیشی، سمیز "زۆر پەشیمانە و داوای لێبووردن دەکات" لە بەرامبەر ئەو هێرشە و پێشتریش کێشەی مادەی هۆشبەری هەبووە. 
 
جەیمی ئادەمز، پارێزەری تۆمپسن گوتی، ژنە تاوانبارەکە داپیرەی 9 نەوەیە و "ژیانێکی پڕ لە کێشەی بەهۆی ئالوودەبوونی بە ژمارەیەک مادەی هۆشبەرەوە هەبووە."
 
دادوەر مارک مکۆن لە کاتی خوێندنەوەی سزای دوو تاوانبارەکەدا گوتی، هەردووکیان سەرپێچییەکی "پیس و خراپیان" کردووە کە لە ئەنجامدا دەستدرێژیلێکراوەکە "ناچاربووە ماڵەکەی چۆڵبکات."
 
سمیز سزای 22 مانگ و تۆمپسن 14 مانگ زیندانیکردنی بۆ دەرکرا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە