ئەمریکا و ئێران لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی چەند بەندکراوێک رێککەوتن

11-08-2023
لهۆن نەسرەدین
ئاڵای ئێران و ئەمریکا
ئاڵای ئێران و ئەمریکا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دواجار گفتوگۆ نهێنییە ناڕاستەوخۆکانی تاران و واشنتن بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دیل بە دیل و ئازادکردنی پارەی سڕکراوی ئێران، بە ئەنجام گەیشت.
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "سەبارەت بەو پێنج ئەمریکییەی کە بە هەڵە لە ئێران دەستگیرکراون، ئەمە هەنگاوێكی ئەرێنییە، ئەوان ئێستا لە زیندان ئازادکراون و گوێزراونەتەوە بۆ شوێنێکی چاودێری لە ئێران. ناچمە نێو وردەکاریی رێكکەوتنەکەوە تاوەکو ئەو دەمەی سەرجەم هاووڵاتییانی ئەمریکا دەگەڕێنەوە وڵات".
 
ئەوانەی کە بڕیارە ئازاد بکرێن بریتین لە  سیامەک نەمازی، عیماد شەرقی، موراد تەهباز و شەهاب دەلیلی؛ هەموویان ئەمریکی بە رەچەڵەک ئێرانن؛ کەسێكی پێنجەمیش کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت. هەر پێنجیان گوێزراونەتەوە بۆ هۆتێلێک و لەژێر چاودێریی چڕی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانن.
 
لە بەرامبەر ئازادکردنیان، ئەمریکا چوار یان پێنج بەندکراوی ئێرانی ئازاد دەکات؛ هەروەها ئەمریکا شەش ملیار دۆلار لە پارەی نەوتی سڕکراوی ئێران لە کۆریای باشوور و نزیکەی 6.6 ملیار دۆلار لە پارەی بلۆککراوی لە بانکی بازرگانیی عێراق ئازاد دەکات؛
ئێران مافی نییە بەشێوەی کاش ئەو پارانە وەرگرێت، بەڵام دەتوانێت بۆ کڕینی دەرمان و ئەو کەرەستانە بەکاربهێنێت کە سزاکانی ئەمریکا نایانگرێتەوە.
 
ئەدریێن واتسن، گوتەبێژێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەر) نووسی: "دەتوانین ئەو هەواڵانە پشتڕاست بکەینەوە کە باس لە ئازادکردنی 5  ئەمریکی دەکەن و بە ناڕەوا دەستگیرکرابوون، ئەوان ئێستا لەژێر چاودێریدان".
 
رێککەوتنەکە بەنێوەندگیریی قەتەر و عومان کراوە؛ رۆژی 8ـی ئەم مانگە وەزیری دەرەوەی ئێران ئەو زانیارییەی دایە میدیاکان.
 
حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهییان، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، "ئێمە چەندین مانگە لە رێگەی قەتەر و عومانەوە سەرقاڵی نامەگۆڕینەوەین لەگەڵ ئەمریکا، پرسی ئاڵۆگۆڕکردنی زیندانییان بۆ ئێمە بە تەواوەتی مرۆییە".
 
بڕیارە رێککەوتنەکە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ جێبەجێ بکرێت؛ وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی دەستی پێکردووە و گارانتیی ئەنجامدانی رێكکەوتنەکەش وەرگیراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.