رووسیا دوای 47 ساڵ دەگەڕێتەوە سەر مانگ و بەدوای ئاودا دەگەڕێت

رووداو دیجیتاڵ 

بنکەی ئاسمانیی ڤۆستۆچنییە لەوپەڕی باشووری رۆژهەڵاتی رووسیا شایەتیی رووداوێکی کەموێنەی هاوچەرخ دەدات. دوای 47 ساڵ لە هەڵدانی دواین کەشتیی ئاسمانی بۆ سەر مانگ، رووسیا کەشتیی لونا 25ی بە مووشەکی پێشکەوتووی سۆیوز 2 بۆ نیشتنەوە لەسەر مانگ هەڵدا. 
 
ئەلێکساندەر بلۆشینکۆ، بەڕێوبەری جێبەجێکاری ئاژانسی رۆسکۆزمۆس دەڵێت، "چەند دەیەیەکە مانگ بووەتە کیشوەرێکی دیکەی زەوی. بە ستانداردە ئاسمانییەکان توانای دەستگەیشتن پێی ئاسانە، چونکە بە کەشتییەک دەتوانیت لە چەند رۆژێکدا پێی بگەیت، بەڵام بۆ نموونە گەشتێک بۆ مەریخ 9 مانگی پێدەچێت."
 
بڕیارە تاوەکو 16ی ئەم مانگە کەشتییەکەی رۆسکۆزمۆس، ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی رووسیا بگاتە خولگەی مانگ. دوای مانەوەی 5 بۆ 7 رۆژ لە خولگەی مانگ، لە 21 یان 23ی ئاب لەسەر مانگ دەنیشێتەوە.
 
یوری بۆریسۆڤ، سەرۆکی ئاژانسی رۆسکۆزمۆس دەڵێت، "شوێنێکی نیشتنەوەی نوێ هەڵبژێردراوە، هەرگیز لەوێ نەنیشتووینەتەوە، وادیارە کەسی دیکەش لەسەر زەوی لەوێ نەنیشتووەتەوە؛ بەهیواین ببینە یەکەم. هەروەها ئەگەر ئاو بدۆزینەوە، بابەتێکی زۆر گرنگ دێتە کایەوە. بابەتی دروستکردنی بنکەیەک لەسەر مانگ دەکرێتەوە. پێموایە لە داهاتوودا مانگ دەبێتە شوێنێکی نوێ بۆ گەڕان بە نێو قووڵایی بۆشاییدا."
 
ئامانجی سەرەکیی ناردنی کەشتییەکە، نیشتنەوەیەتی لە جەمسەری باشووری مانگ و دۆزینەوەی ئاوە تێیدا. ئەمەش دوای ئەوەی ناسا لە 2020 بوونی ئاوی لەو جەمسەرە پشتڕاستکردەوە.
 
لەو کاتەشەوە وڵاتان بە چڕی دەستیان بە پرۆگرامی ئاسمانی بۆ گەیشتن بەو جەمسەرەی مانگ کردووە.
 
ڤیتالی ئیگۆرۆڤ، توێژەری پرۆگرامی ئاسمانیی رووسیا دەڵێت، "ئێستا رکابەریی نێوان چین و ئەمریکا لە دۆزینەوەی سەر مانگ زیاتر دیارە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانیت، دۆزینەوەی نوێ لەسەر مانگ ئامانجە سەرەکییەکە نییە. ئامانجەکە رکابەریی سیاسییە لە نێوان وڵاتانی زلهێزی و وڵاتانی دیکەیە کە دەیانەوێت ناسناوی 'زلهێزی بۆشایی ئاسمان' وەرگرن؛ لەوانە رووسیا، هیندستان و ژاپۆن".
 
کەشتییەکەی رۆسکۆزمۆس 1.8 تۆنە و 31 کیلۆگرام کەرەستەی زانستی تێدایە. ئەگەر ناردنەکە بە گوێرەی پلان بڕوات، کەشتییەکە یەک ساڵ لەسەر مانگ دەمێنێتەوە. دڕێڵێکیش کە توانای کونکردنی 41 سانتیمەتر قووڵی هەیە، نموونەی بەرد و خۆڵی سەر مانگ دەگەڕێنێتەوە سەر زەوی.