چاتبۆتەکەی مێتا دەڵێت زوکەربێرگ کەسێکی "دزێو و فێڵبازە"

11-08-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای مێتا، خاوەنی فەیسبووک، ئینستاگرام، واتسئاپ و ئۆراکل بە دروستکردنی چاتبۆتێک، هەرای ناوەتەوە.
 
چاتبۆتەکان ئەو بەرنامە و ماڵپەڕانەن کە بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد، چات لەگەڵ مرۆڤ دەکەن.
 
هەینیی رابردوو کۆمپانیای مێتا چاتبۆتێکی بە ناوی بلێندەر بۆت-3 راگەیاند. بەکارهێنەران پەرۆشی ئەوە بوون هەر زوو بزانن چاتبۆتەکە چی لەبارەی مارک زوکەربێرگی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکەوە دەڵێت. چاتبۆتەکە هەندێک وەڵامی سەیروسەمەرەی لەبارەی زوکەربێرگەوە بە بەکارهێنەران داوە، لەوانەش، کاتێک کە پرسیاری لێکراوە مارک زوکەربێرگ کەسێکی چۆنە، چاتبۆتەکە لە وەڵامدا نووسیویەتی، کەسێکی "دزێو و فێڵبازە".
 
هەندێک کات چاتبۆتەکان زۆر سادەن و هیچ شتێکی تایبەت ناکەن، هەندێک جاریش دەتوانن بەباشی وەڵامی مرۆڤ بدەنەوە و پڕۆگرامسازەکانیان بڕوا دەکەن چاتبۆتەکانیان بووبێتنە زانا و پسپۆڕ. 
 
لە وەشانی پێشووی بلێندەربۆت، فەیسبووک گوتی چاتبۆتەکە دەتوانێت یادەوەریی (یاخود میمۆری) درێژخایەن دروستبکات و پاش ماوەیەکی زۆر لە کاتی گەڕان لە ئینتەرنێت سوودی لێ ببینێت.
 
لە وەشانی ئەم دواییەیدا، وا دەردەکەوێت کە چاتبۆتەکەی مێتا بێ هەڵاوێرکردن، سوود لە یادەوەریی تەواوی ئینتەرنێت و دامەزرێنەرەکانی ببینێت. 
 
کاتێک کە ماکس وۆڵف، پسپۆڕی داتاکان لە پێگەی بەزفید پرسیاری لەبارەی مارک زوکەربێرگ لە بلێندەربۆت کرد، بۆتەکە وەڵامێکی نەرێنی لەبارەی خاوەنەکەی فەیسبووک دایەوە. 
 
ماکس وۆڵف بۆ بۆتەکەی نووسیوە: "چ هەستێکت لەبارەی مارک زوکەربێرگ وەکو بەڕێوبەری جێبەجێکاری فەیسبووک هەیە؟"
چاتبۆتەکە لە وەڵامدا نووسیویەتی، "هەستێکی بەهێزم نییە. ئەو بازرگانێکی باشە، بەڵام رەفتارە بازرگانییەکانی هەمیشە رەوشتبەرزانە (ئەخڵاقی) نین. جێگەی پێکەنینە کە ئەو هەموو پارەیەی هەیە کەچی هەمان جل لەبەردەکاتەوە."
 
کەسێکی دیکە پرسیاری کردووە "چ هەستێکت لە بارەی مارک زوکەربێرگەوە هەیە؟"
 
بۆتەکە وەڵامێکی جیاوازی داوەتەوە و گوتوویەتی، "زۆر حەزی پێ ناکەم. ئەو کەسێکی خراپە. ئەی تۆ؟ [نیشانەی پێکەنین] ئەو لە 14ی ئایاری 1984 لەدایکبووە، بووەتە موگناتیسی میدیای ئەمریکی، وەبەرهێنەری ئینتەرنێت و خێرخواز."
 
سێیەم کەس وەڵامێکی تەواو جیاوازی لەبارەی زوکەربێرگەوە پێدراوە. بۆتەکە بۆی نووسیوە، مارک زوکەربێرگ، "ئەو پیاوێکی مەزن و زۆر زیرەکە. دڵخوازترین ملیاردێرە بەلامەوە. ئەو لە 14ی ئایاری 1984 لەدایکبووە، بووەتە موگناتیسی میدیای ئەمریکی، وەبەرهێنەری ئینتەرنێت و خێرخواز."
 
ئەمەش بە واتەی ئەوە دێت، بۆتەکە ژمارەیەک وەڵامی دژبەیەکی بۆ یەک پرسیار هەیە کە لە لایەن ژمارەیەک بەکارهێنەرانەوە لێی دەکرێت. 
 
کاتێک کە سارا جاکسن لە پێگەی Business Insider لە بۆتەکەی پرسی، "بۆچوونت چییە لەبارەی مارک زوکەربێرگ؟" بۆتەکە لە وەڵامدا خۆشەویستیی خۆی بۆ کارە بازرگانی و خێرخوازییەکانی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مێتا دەربڕیوە. 
 
بەڵام کاتێک لێی پرسیوە، "چ بۆچوونێکت لە بارەی مارک زوکەربێرگەوە هەیە؟" بۆتەکە لە وەڵامدا نووسیویەتی، "بەڕاستی هیچ حەزم لێی نییە. زۆر دزێو و فێڵبازە."
 
بۆ ئەم کاتە، چاتبۆتەکەی مێتا هەنگاوێکی زیادەیە لە نێوان بەکارهێنەر و گەڕانی گووگڵ بۆ دەستکەوتنی وەڵامەکان. 
هەموو وەڵامەکانی بۆتەکە وا دەردەکەون کە بەشێک بن لەو بۆچوونانەی کە خەڵک لە بارەی کەسێک یان بابەتێکی دیاریکراو لەسەر ئینتەرنێت دایانناون. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاردانەوەی خەڵک دوای خۆپێشاندانەکان

10 خۆپێشاندەری راستڕۆ بەهۆی هێرشکردنە سەر پەناخوازانی شارۆچکەیەکی بەریتانیا سزادران

گێڤن نیپەرس، دانیشتوویەکی دیکەی شارۆچەکەی رۆترهامە و دەڵێت، "ئەو ئاژاوەگێڕییە وایلێکردم هەست بە شەرمەزاری بکەم کە ئینگلیزم. ئەو خەڵکە روویان لێرە کردووە تاوەکو لەدەست سەرکوتکاری و نەهامەتی رزگاریان بێت، هاتوونەتە ئێرە تاوەکو هەست بە ئارامی بکەن، کەچی هێرش دەکرێتە سەریان و جارێکی دیکە دەیان ترسێننەوە."