خوشکەکەی کیم جۆنگ ئون لەسەر کۆرۆنا هەڕەشەی 'تۆڵەسەندنەوە' لە کۆریای باشوور دەکات

11-08-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پیۆنگیانگ "سەرکەوتن"ی بەسەر پەتای کۆرۆنادا راگەیاند و خوشکەکەی کیم جونگ ئۆن، سەرۆکی کۆریای باکوور، کۆریای باشوور بە بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکات و هەڕەشەی "تۆڵەسەندنەوەی" لێ دەکات. خوشکەکەی سەرۆکی کۆریای باکوور ئاماژە بەوەش دەکات، کیم جۆنگ ئونی برای تووشی کۆرۆنا بووە و چاکبووەتەوە.
 
کۆریای باکوور پێشتر رایگەیاندبوو، "هەندێک شتی نامۆ" لەنزیک سنووری نێوان وڵاتەکەی و کۆریای باشوور بوونەتە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە وڵاتەکەیاندا، بەڵام کۆریای باشوور ئەو تۆمەتانەی رەتکردوونەتەوە و رایگەیاندووە، بە هیچ شێوەیەک ڤایرۆسی کۆرۆنایان بۆ ئەو وڵاتە نەناردووە.
 
چەندین ساڵە، چالاکڤانانی کۆریای باشوور نووسراو، بڵاوکراوە و دراوی ئەمریکی لەڕێگەی میزەڵانەوە دەفڕێننە ئەودیوی سنوورەکە بۆنێو کۆریای باکوور؛ پیۆنگیانگ لە زووەوە ناڕەزایی تووندی خۆی بەرامبەر بەو کارە راگەیاندووە.
 
رۆژی پێنجشەممە، یۆ جۆنگ، خوشکی کیم جۆنگ ئون، ئۆباڵی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای لە وڵاتەکەی خستە ئەستۆی ئەو کەسانەی لە کۆریای باشوورەوە ئەو میزەڵانانە هەڵدەدەن و گوتی "ئەوە تاوانی دژی مرۆڤایەتییە."
 
خوشکەکەی کیم جۆنگ ئون دەشڵێت، ژمارەیەکی زۆری وڵاتان و رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش دانیان بە "مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درمەکان لەڕێگەی بەرکەوتن بە تەنی پیس" ناوە.
 
یۆ جۆنگ دەشڵێت، "زۆر مایەی نیگەرانییە کە کۆریای باشوور بڵاوکراوە، پارە، نامیلکە و شتی دیکە دەنێرێتە نێو ناوچەکەمان."
 
یۆ جۆنگ هۆشداریشی دا، پیۆنگیانگ بیر لە "وەڵامێکی بەهێز بۆ تۆڵەسەندنەوە" دەکاتەوە و ئەگەر ناردنی میزەڵانەکان بەردەوام بێت، "ئێمە بە ریشەکێشکردنی نەک تەنیا ڤایرۆسەکە، بەڵکو حکومەتی کۆریای باکووریش وەڵام دەدەینەوە."
 
مانگی رابردوو سیئۆل رایگەیاند، "هیچ تووشبوویەکی کۆرۆنا بە فەرمی بەهۆی بەرکەوتنی بە پۆست یان کەلوپەلەکانەوە تۆمارنەکراوە."
 
گوتەکانی یۆ جۆنگ لە کاتێکدان کە براکەی "سەرکەوتنێکی بریسکەدار"ی بەسەر کۆرۆنادا راگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی هیچ تووشبوویەکی نوێ لە ماوەی نزیکەی دوو هەفتەدا لەو وڵاتە تۆمار نەکران.
 
خوشکەکەی سەرۆکی کۆریای باکوور دەڵێت، کیم "لە رۆژانی ئەم جەنگەی کەرەنتینەدا، تووشی تای بەرز ببوو، بەڵام تەنانەت بۆ ساتێکیش نەیتوانی پاڵبکەوێت، چونکە لە خەمی ئەو خەڵکەدا بوو کە بەرپرسیارێتییانی هەڵگرتووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە کەنار دەریایەکی فەرەنسا دوو وشتر بۆ پاککردنەوەی کەناراوەکە بەکاردێن

وشتر بۆ خاوێنکردنەوەی کەناراوەکانی فەرەنسا بەکاردێت

تیمێکی فەرەنسییە لە کەناری دەریای نێوەڕاست، نزیک لە شاری مارسیلیای باشووری وڵاتەکە؛ بە بەکارهێنانی وشتر، کەناراوەکە لە پلاستیک و پاشماوەکانی دیکە خاوێن دەکەنەوە