گومانلێکراوێکی شانەی 'بیتڵز'ی داعش دوای حەوت ساڵ لە تورکیاوە گەڕێندرایەوە بەریتانیا

 
رووداو دیجیتاڵ

هاووڵاتییەکی بەریتانی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە رێکخراوی داعش دوای بەسەربردنی حەوت ساڵ زیندانی لە تورکیا، گەڕێندرایەوە بۆ بەریتانیا.
 
ئاین دەیڤس، تەمەنی 38 ساڵە، دوای بەسەربردنی زیاتر لە حەوت ساڵ لە سزای زیندانیەکەی، لە تورکیاوە نێردرایەوە بەریتانیا و لەگەڵ نیشتنەوەی لە فڕۆکەخانەی شاری لوتۆن، دەستبەسەر کرا.
 
پیاوە بەریتانییەکە بە تۆمەتی  کاری "تیرۆرستی" پێشتر لە تورکیا زیندانی کرابوو.
 
لە بەریتانیاش ئاین دەیڤس تۆمەتبارە بەوەی ئەندامی شانەیەکی داعش بووە کە بەرپرس بووە لە رفاندن و کوشتنی چەندین رۆژنامەڤان و چالاکڤانی بیانی لە سووریا لەنێوان ساڵانی 2012 بۆ 2015.
 
شانەکە بەهۆی شێوەزارە بەریتانییەکەیان، بە شانەی "بیتڵز" ناونرابوو، کە لە بنەڕەتدا ئەوە ناوی باندێکی میوزیکی رۆکی بەریتانییە.
 
پۆلیسی مێترۆپۆلیسی، کە بەرپرسیارە لە لێکۆڵینەوەکانی "دژی تیرۆر" لە بەریتانیا، لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەفسەرەکانی لە فڕۆکەخانەی لوتۆن ئەو کەسەیان دەستگیر کردووە.
 
ئەو هێزەی پۆلیس کە تاوەکو تۆمەتێک ئاراستەی گومانلێکراوەکان نەکات ناویان ئاشکرا ناکات، ناوی پیاوە دەستگیرکراوەکەی نەخستەڕوو، بەڵام لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بە تەمەن و ئەو شوێنە کردووە کە گومانلێکراوەکەی لێوە هاتووە و گوتوویەتی، "پیاوە تەمەن 38 ساڵەکە ئەم ئێوارەیە دوای گەڕانەوەی بە فڕۆکەیەک لە تورکیاوە بۆ نێو بەریتانیا، دەستگیرکرا."
 
پۆلیسی مێترۆپۆلیسی بەریتانیا باسی لەوەش کرد کە گومانلێکراوەکە بەگوێرەی ژمارەیەک یاسای "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر"ی بەریتانی دەستگیرکراوە و گوێزراوەتەوە بۆ بنکەیەکی پۆلیسی باشووری لەندەن و "ئێستا لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرە."
 
وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هاووڵاتییەکی بەریتانی لە تورکیاوە دیپۆرت کراوەتەوە بۆ بەریتانیا، گوتیشی، "کارێکی ناشیاو دەبێت لێدوانی زیاتر بدرێت لە کاتێکدا هێشتا لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس بەردەوامن."
 
دوو ئەندامی بیتڵز لە ئەمریکا سزا دراون
 
چوار ئەندامەکەی شانەی "بیترڵز"ی داعش تۆمەتبارن بە رفاندنی لانیکەم 27 رۆژنامەڤان و کارمەندی مرۆیی خەڵکی ئەمریکا، بەریتانیا، ئەوروپا، نیوزلەندا، رووسیا و ژاپۆن.
 
هەر چواریان تۆمەتبارن بە بەشداریکردن لە کوشتنی رۆژنامەڤانانی ئەمریکی جەیمس فۆلی و ستیڤن سۆتڵۆڤ، هەروەها پیتەر کاسیگ و کایلا موولەر کە دوو کارمەندی مرۆیی بوون.
 
چوارینەکە تۆمەتبارن بە ئەشکەنجەدان و کوشتنی ئەو چوار هاووڵاتییە ئەمریکییە، لەنێویشیاندا لەڕێگەی سەربڕینەوە کە داعش ڤیدیۆی کوشتنیانی بۆ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی خۆی بەکاردەهێنا.
 
ئەلێکساندەر کۆتی، تەمەن 38 ساڵ، لە ساڵی 2020 وڵاتینامەی بەریتانیای لێ سەندرایەوە و رادەستی ئەمریکا کرا بۆئەوەی لەوێ رووبەڕووی ئەو تۆمەتانە ببێتەوە کە ئاراستەی کرابوون، لە ئەنجامدا، لە ئەیلوولی ساڵی رابردوو، دانی بە تێوەگلانی خۆی لە کوشتنی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکیانەدا نا و لە نیسانی ئەمساڵ بە زیندانی تاهەتایی سزادرا.
 
شافی شێخ، تەمەن 34 ساڵ، هاووڵاتییەکی دیکەی بەریتانی بوو، ئەویش وڵاتینامەکەی لێ سەندرایەوە و لە هەمانکاتدا رەوانەی ئەمریکا کرا، لە نیسانی ئەمساڵ هەموو تۆمەتەکانی بەسەردا ساخکرانەوە و چەند رۆژی داهاتوو سزاکەی بۆ دەردەکرێت.
 
ئەندامەکەی دیکەی "بیتڵز" بە ناوی محەممەد ئیموازی بوو، لە ساڵی 2015 لە سووریا لە هێرشێکی درۆنی ئەمریکادا کوژرا.
 
شافی شێخ و ئەلێکساندەر کۆتی لە کانوونی دووەمی 2018 لەلایەن هەسەدەوە لە سووریا دەستگیر کران و رادەستی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کرانەوە و دواتر رەوانەی بەریتانیا کران.
 
لە ساڵی 2020 بە فڕۆکە نێردرانە ڤێرجینیا تاوەکو رووبەڕووی تۆمەتەکانی کوشتنی بارمتەکان، پیلانگێڕی بۆ کوشتنی هاووڵاتییانی ئەمریکی و پاڵپشتیکردنی رێکخراوێکی تیرۆریستیی بیانی ببنەوە.
 
ئاین دەیڤس سزای حەوت ساڵ و نیو زیندانیی لە ئەمریکا بەسەربرد لە بەرامبەر بەئەندامبوونی لە رێکخراوە پەڕگیرەکە.
 
لە ساڵی 2014 ئەمەل وەهابیی هاوژینی بووە یەکەمین کەس لە بەریتانیا کە بە تاوانی دابینکردنی یارمەتیی دارایی بۆ داعش سزابدرێت، ئەوەش دوای ئەوەی هەوڵیدا 20 هەزار یۆرۆ بۆ ئاین دەیڤس بنێرێتە سووریا.
 
ژنەکە بۆ ماوەی 28 مانگ بەند کرا دوای ئەوەی دادگە رایگەیاند، دەیڤس پێش ئەوەی بچێتە سووریا و شەڕ بۆ داعش بکات، بازرگانی ماددەی هۆشبەر بووە.