لە پاکستان خوشک و برایێکی نابینا خواردنگەیەکی ئۆنڵاین دادەنێن

11-08-2021
بژار زوبێر @BBashqaly
فیزا و هاوژینە نابیناکەی سەرقاڵی کارکردنن. وێنە: AP
فیزا و هاوژینە نابیناکەی سەرقاڵی کارکردنن. وێنە: AP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە شاری کەراچیی باشووری پاکستان، ژنێکی نابینا لەگەڵ هاوژین و برا نابیناکەی بەسەر بەربەستەکاندا زاڵدەبن و لە ماڵەکەیاندا چێشخانەیەک دەکەنەوە و خۆیان بژێوی ژیانیان دابین دەکەن. 
 
ئەو خوشک و برایە لە تەمەنی 10 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیێکەوە، بیناییان لەدەستداوە و هەژاری رێگەی نەداوە چارەسەر وەرگرن. بەڵام ئێستا وێڕای نەمانی هەستی بینینیان، لە رێگەی ئامادەکردن و فرۆشتنی خواردنەوە، داهاتێکی سەربەخۆ بەدەستدێنن. 
 
فیزا حوسێن تەمەن 33 ساڵ، لە چێشتخانەی ماڵەکەیدا لە شاری کەراچیی باشووری پاکستان، خواردن بۆ کڕیارەکانی ئامادەدەکات. نابینایی نەبووەتە رێگر لە بەردەم فیزا و براکەی لە ماڵەوە خواردن دروستدەکەن و لە رێگەی ئینتەرنێتەوە دەیفرۆشن. 
 
فیزا حوسێن دەڵێت، "ئەمڕۆ برنج و مریشکم ئامادەکردووە. پێموایە مرۆڤ لە ژیانیدا رووبەڕووی زۆر نەهامەتی دەبێتەوە، بەڵام نابێت خۆیان بەدەستەوە بدەن. من حەزم لە دروستکردنی خواردنە، بۆیە چێشتلێنان بۆ من زەحمەت نییە. خێزانەکەشم هاوکاریم دەکات کاتێک رووبەڕووی کێشەیەک دەبمەوە."
 
فیزا، هاوژینەکەشی وەکو خۆی نابینایە. ئەویش لە تێکردن و پێچانەوەی خواردنەکە هاوکاری فیزا دەکات. فیزا حوسێن دەشڵێت، "خەڵک پێیوایە کەسانی نابینا بێ توانان، تەنانەت وا بیردەکەنەوە کە ناتوانن ژیانی هاوژینیش پێکبێنن. بەڵام ئەوە تێگەیشتنێکی هەڵەیە کە دەڵێن نابیناکان لە تەواوی ژیانیان پێویستیان بە چاودێریی کەسانی دیکە دەبێت. من لەبەر ئەوە دەستم بەم کارە کرد، بۆ ئەوەی بە خەڵک بڵێم کە ئێمە دەرفەتی ئەنجامدانی هەموو شتێکمان هەیە بۆ خۆشکردنی ژیانمان."
 
عەلی حوسێن، برای فیزایە تەمەنی 30 ساڵە. لەسەر کۆمپیوتەرێک کاردەکات کە بە دەنگ هەموو شتێکی سەر شاشەکەی بۆ دەخوێنێتەوە، داواکارییەکان وەردەگرێت و وەڵامی کڕیارەکان دەداتەوە. 
 
عەلی حوسێن دەڵێت، "تەکنەلۆژیا بە شێوەیەک پێشکەوتووە کە تەنانەت نابیناکانیش دەتوانن لاپتۆتپ و مۆبایلی زیرەک بە هاوکاریی بەرنامەکان بەئاسانی بەکاربێنن. من بەرنامەی سکرین ریدەر بۆ سۆشیال میدیا و راپەڕاندنی کاری رۆژانەم بەکاردێنم."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە