سامسۆنگ پەردەی لەسەر مۆبایل، کاتژمێر و ئەنگوستیلەی زیرەک لادا کە (AI)ـیان تێکەڵکراوە

رووداو دیجیتاڵ

گەورە کۆمپانیای سامسۆنگی کۆریای باشوور لە پاریس نوێترین بەرهەمەکانی خستەڕوو.
 
ئەمجارە سامسۆنگ تەکنۆلۆجیای ژیری دەستکرد (AI)ـی تێکەڵ بە بەرهەمەکانی کردووە، وەک مۆبایلی گالاکسی و کاتژمێری زیرەکی کۆمپانیاکە.
 
گالاکسیی ئەی ئای، نوێترین بەرهەمی مۆبایلی کۆمپانیای سامسۆنگە کە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بڕیارە 200 ملیۆنی لێ بخاتە بازاڕەکانەوە.
 
گالاکسیی ئەی ئای یان گالاکسیی ژیریی دەستکرد، مۆبایلی سامسۆنگی ئێس 24ـە کە بە تەکنۆلۆجیای ژیریی دەستکرد بەستراوەتەوە.
 
تی ئێم رۆ، سەرۆکی بەشی مۆبایلی سامسۆنگ لە پاریسەوە گوتی "ئێمە ئەمڕۆ بازدانێکی گەورە لە پێشخستنی مۆبایلی ژیر دەکەین، بە شیوازێک کە کەم کەس خەیاڵی بەلایدا چووە. چیرۆکی گالاکسیی ژیری دەستکرد تازە دەستیپێکردووە."
 
سامسۆنگ هەروەها پەردەی لەسەر کاتژمێری زیرەکی نوێی کۆمپانیاکە، گالاکسی وۆچ و ئەنگوستیلەی زیرەکی گالاکسی لادا.
 
ئەنگوستیلەی گالاکسی، توانای دەرخستنی دۆخی تەندروستیی بەکاربەری هەیە.
 
ماتیو ویگز، بەڕێوەبەری بەشی تەندروستیی دیجیتاڵی سامسۆنگ لەبارەی ئەنگوستیلەکەوە دەڵێ "لەڕێگەی شیکاری داتاکانی پەیوەست بە تەندروستی لە کاتی خەوتن، وەک لێدانی دڵ، گۆڕانکاری لە لێدانی دڵ و جووڵەی خوێن کە هەموو بە ژیریی دەستکرد دەپێورێن، بەکارهێنەر دەتوانێت سنوورەکانی خۆی بزانێت. دەتوانێت بزانێت تەندروستیی چۆنە و دەبێت چی بکات."
 
کاتژمێری گالاکسی نوێی کۆمپانیای سامسۆنگ بە 650 دۆلارە و ئەنگوستیلەی گالاکسی بە 400 دۆلار دەفرۆشرێت. دوو بەرهەمی نوێی دیکەی کۆمپانیای سامسۆنگ، مۆبایلی گالاکسی زێد فلیپ 6 بە نرخی 1100 دۆلار و مۆبایلی گالاکسی زێد فۆڵد 6، بە 1900 دۆلار دەفرۆشرێن.