نەرویج فڕۆکەی ئێف 16 دەداتە ئۆکراینا

11-07-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی نەرویج رایدەگەیێنێت، ئەم ساڵ فڕۆکەی شەڕکەری ئێف 16 بە ئۆکراینا دەدەین. ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە هاوپەیمانی ناتۆ بڕیاریدا سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بداتە ئۆکراینا. 
 
رۆژی چوارشەممە، 10ـی تەممووزی 2024، یۆناس گار ستۆرە، سەرۆکوەزیرانی نەرویج لە کاتی بەشداریی لە لووتکەی ناتۆ لە واشنتن رایگەیاند: "نەرویج بڕیاریداوە شەش فڕۆکەی شەڕکەری ئێف 16 بداتە ئۆکراینا".
 
سەرۆکوەزیرانی نەرویج بەدیاریکراوی ئاماژەی بە کاتی ناردنی فڕۆکەکان بۆ ئۆکراینا نەکرد، بەڵام گوتی: "ئێمە پلانمان هەیە کە لە ماوەی ئەم ساڵدا فڕۆکەکان بدەینە ئۆکراینا".
 
ئەو گوتانەی سەرۆکوەزیرانی نەرویج دوای ئەوە هات، کە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەراوێزی لووتکەی ناتۆ رایگەیاند، دانیمارک و هۆڵەندا دەستیانکردووە بە ناردنی فڕۆکە بۆ ئۆکراینا.
 
بلینکن ئاماژەی بەوە نەکرد کە چەند فڕۆکە بە ئۆکراینا دەدرێت، بەڵام گوتی: "فڕۆکە شەڕکەرەکان لە هاوینی ئەم ساڵدا لە ئاسمانی ئۆکراینا دەفڕن بۆ ئەوەی دڵنیایی بدەن لەوەی ئۆکراینا دەتوانێت بەردوامبێت لە بەرگریکردن لە خۆی دژی دەستدرێژییەکانی رووسیا".
 
ناردنی ئەو فڕۆکەیە بۆ ئۆکراینا لەکاتێکدایە، رووسیا بەردەوام هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە ئەگەر رۆژئاوا هەر پێداویستییەکی سەربازی بۆ ئۆکراینا بنێرن، ئەوا دەیکەنە ئامانج، لەنێویاندا فڕۆکەی ئێف 16. 
 
جگە لە ناردنی فڕۆکەی ئێف 16، بەرپرسانی نەرویج رۆژی سێشەممە رایانگەیاند، بە هاوبەشی لەگەڵ فینلاند بڕی 93 ملیۆن دۆلار پێشکێش بە ئۆکراینا دەکەن بۆ ئەوەی لە بواری بەرگریی سوودی لێببینێت. 
 
دوێنێ راگەیێندراوێکدا هاوپەیمانیی ناتۆ رایگەیاند، ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ئەندام لە هاوپەیمانیی ناتۆ سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەدەنە ئۆکراینا.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەمریکا، ئەڵمانیا و رۆمانیا سیستمی پاتریۆت بۆ ئۆکراینا دابین دەکەن؛ هەروەها هۆڵەندا و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەندام لەو هاوپەیمانێتییە سیستمێکی دیکەی دژە مووشەکی دەدەنە ئۆکراینا؛ ئیتاڵیاش سیستمی بەرگریی ئاسمانی سامپ تی بۆ ئۆکراینا دابین دەکات.
 
سەرەتای ئەم ساڵ ئۆکراینا رایگەیاند، پێویستی بە حەوت سیستمی دژە مووشەکە بۆ ئەوەی لە رێگەیانەوە شکست بە هێرشە مووشەکییەکانی رووسیا بهێنێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە