رووداو دیجیتاڵ
لووتکەی ناتۆ لە شاری ڤیڵینیەسی پایتەختی لیتوانیا بەڕێوەدەچێت و چارەنووسی سوێد لە ناتۆ تێیدا یەکلادەکرێتەوە. ئەوەی تائێستا دەستی بەڕووی داواکارییەکەی سوێدەوە نابوو، تورکیا بوو کە بە پشتگیریکردنی پەکەکە تۆمەتباری دەکرد. ئێستا وێڕای ئەوەی رازیبووە پرسەکە بباتە پەرلەمانی وڵاتەکە، ئەنقەرە مەرجێکی نوێی بۆ ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆدا هەیە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، "تورکیا زیاتر لە 50 ساڵە لەبەر دەرگەی یەکێتی ئەوروپا چاوەڕێیە، زۆرینەی ئەندامانی ناتۆ، ئەندامی یەکێتی ئەوروپاشن. من لێرەوە ئەو داواکارییە لەو وڵاتانە دەکەم کە تورکیایان لەبەردەرگەی یەکێتی ئەوروپا راگرتووە. هەروەها ئەم داوایە لە ڤیڵینیەسیش دەکەم. وەرن و رێگە بۆ ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا بکەنەوە، کاتێکیش رێگەتان بۆ تورکیا کردەوە، ئەوا ئێمەش رێگە بۆ سوێد دەکەینەوە هەروەکو چۆن بۆ فینلاندمان کردەوە".
ناتۆ کە هیواخوازە سوێد ببێتە 32ـەمین ئەندامی، پێشوازی لە مەرجە نوێیەکەی تورکیا دەکات. رۆژی 10ـی تەممووز، سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، سەرۆککۆماری تورکیا رازیبووە پرسی ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ بباتە پەرلەمانی وڵاتەکەی، ئەوەش لەدوای کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیی ستۆڵتنبێرگ، ئەردۆغان و ئولف کریستەرسنی سەرۆکوەزیرانی سوێد لە ڤیڵینیەس هات.
یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانی باکووری ئەتەڵەسی دەڵێت، "پشتگیریی لە خواستەکانی تورکیا دەکەم بۆ ئەندامبوونی لە یەکێتیی ئەوروپا. لەهەمان کاتدا دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت کە ئێمە لە مەدرید لەسەر لیستێک مەرج رێککەوتین، کە لەسەر سوێد پێویست بوو جێبەجێیان بکات بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی هاوپەیمانێتییەکە، سوێدیش هەموو مەرجەکانی جێبەجێکردووە".
لە ساڵی 2016ـەوە، لە دوای کودەتاکەی تورکیا، پەیوەندییەکانی تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا ئاڵۆز بوون، بەتایبەتی لەپرسی مامەڵەی ئەنقەرە لە پرسی کورد و کۆچبەران.
هەوڵەکانی تورکیا بۆ ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپا بۆ ماوەی چەندین ساڵە هەڵپەسێدراوە کە لە ساڵی 2005 لەسەردەمی یەکەم گەڕی سەرۆکوەزیرانی ئەردۆغاندا پێشکێشکرا. ئەوروپییەکان هۆکاری هەڵپەساردنی ئەو پرۆسەیە دەگەڕێننەوە بۆ پاشەکشەکردنی تورکیا لە پرسی مافەکانی مرۆڤ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ