بۆ بەهێزکردنەوەی ئابوورییەکەی، رووسیا روو لە کەنداوی عەرەبی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی رووسیا لە مۆسکۆ پێشوازی لە شاندی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی کرد. ئامانج لە کۆبوونەوەی شەشەمی دیالۆگی ستراتیژی رووسیا و وڵاتانی کەنداو بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکانی رووسیایە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت، "هەردوولا سووربوونی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ زیاتر فراوانکردن و هەمەجۆرکردنی پەیوەندییەکانمان بەتایبەت ئابووری. رێککەوتین هەموو هەلێک بقۆزینەوە، لەنێویشیان میکانیزمی پێکهێنانی کۆمیسیۆنێکی ئابووری و بازرگانیی هاوبەش کە ئێمە هەر لە زووەوە لەگەڵ سەرجەم ئەو وڵاتانە دامانمەزراندووە کە ئەندامی کۆمەڵەی هاریکاریی کەنداون".
ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی هاوبەشی شەش وڵاتی کۆمەڵەی هاریکاری کەنداوی عەرەبییە لەگەڵ رووسیا، لە دوای دەستپێکردنی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە شوباتی ساڵی رابردوو.
تائێستا وڵاتانی کەنداو لەو جەنگەدا بێلایەن ماونەتەوە، هەڵوێستێک رووسیا دەیەوێت هەر وابمێنێتەوە یان زیاتر لە مۆسکۆ نزیک ببنەوە.
سەید بەدر ئەلبوسعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان دەڵێت، "ئەمڕۆ کە نەخشە رێگەی هاوبەشی وڵاتانی کەنداو و رووسیا بۆ دیالۆگی ستراتیژیمان پەسند کرد، ئێمە دڵنیاین لەوەی ئەم پلانە، پلاتفۆرمێک دێنێتە ئاراوە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە هەمەلایەنەکانمان لە زۆر بواردا و لەپێناو خەڵکەکەمان. چاومان لە بەردەوامیدان بەو دیالۆگە و ئاڵۆگۆڕی بۆچوونانەیە کە پەیوەستن بە پرس و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان".
بەگوێرەی ئامارەکانی رووسیا، ساڵی رابردوو، قەبارەی بازرگانیی نێوان رووسیا و وڵاتانی کەنداو 6٪ بووە و بەراورد بە ساڵی 2021، زیادیکردووە و گەیشتووەتە 11 ملیار دۆلار.