رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا لە ئیستەنبووڵ لە دووەم رۆژی جەژن لهگهڵ نوێنهر و ئهندامانی رێكخراوه ناحكومییەکانی تایبەت بە پەنابەران و كۆچبهران کۆبووەتەوە.
سۆیلو دەڵێ، حکومەتی وڵاتەکەی هۆکاری دۆخی ئێستای سووریا نییە و ژمارەی ئەو منداڵانەشی ئاشکراکرد لە ساڵی 2011ەوە لە تورکیا لەدایکبوون.
سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، "زیاتر لە 700 هەزار برای سوورییمان لەم وڵاتە لەدایکبوون. ئەوان لە شەڕ و مردن هەڵاتن و هاتنە ئەم خاکە و زیاتر لە 700 هەزار منداڵ لەدایکبوون. ئەمە سامانێکی گەورەیە."
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە وەڵامی گوتەکانی وەزیری ناوخۆی وڵاتی دایەوە و رایگەیاند، کاتێک چوونە دەسەڵات، پەنابەرانی سووری دەگەڕێننەوە وڵاتی خۆیان.
سەرۆکی جەهەپە لە تویتێکدا نووسی: "زیاتر لە 700 هەزار منداڵی سووری لە وڵاتەکەمان لەدایکبوون. خودا تەمەنێکی درێژ بە هەموویان بدات. ئێمە لە دیدگەی ئاییندەی وڵاتەکەمانەوە دەڕوانینە ئەم بابەتە. بەڵێ، گەورەترین سامانی هەر گەلێک منداڵەکانیەتی و ئەم منداڵانەش سامانی سووریایەکی رووخاو و وێرانەن. بۆ ئەوەی سووریا جارێکی دیکە ببوژێتەوە، دەبێت رۆڵەکانی بگەڕێنەوە بۆ نیشتمان."
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، سێ ملیۆن و 700 هەزار پەنابەری سووری لە تورکیا و باکووری کوردستانن. لە 11 ساڵی رابردوودا وڵاتینامەی تورکی دراوەتە 210 هەزار پەنابەری سووری و 506 هەزار سووریشیان گەڕاونەتەوە سووریا یان گەڕێندراونەتەوە و لە سنووری عەفرین و سەرێ کانی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەی باب و جەرابلووس لە ژێر دەستی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا نیشتەجێ بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ