سەرۆکانی چین و کۆریای باکوور نامە دەگۆڕنەوە
رووداو دیجیتاڵ
هەردوو وڵاتی چین و کۆریای باکوور جەخت لەو هاوپەیمانیێتیی نێوانیان دەکەنەوە و سوورن لەسەر پشتگیریکردنی یەکدی لەبەرامبەر ئەوەی کە بە "دوژمنکاری بیانی" ناوی دەبەن.
لە 60مین ساڵیادی پەیماننامەی هاوڕێیەتی و پێکەوەکارکردن و پاڵپشتیکردن، کە لە ساڵی 1961 لەنێوان چین و کۆریای باکوور واژۆ کراوە، شی ژین پینگ، سەرۆکی چین و کیم جۆنگ ئون، رابەری کۆریای باکوور نامەی پاڵپشتیکردنیان لەیەکدی لە "دژی دوژمنکاری بیانی" ئاڵوگۆڕکرد و تێیدا سەرۆکی چین بەڵێنی دا بە بەرزکردنەوەی ئاستی هاوپەیمانی بۆ قۆناخێكی باڵاتر.
جۆنگ ئون لە نامەکەیدا نووسیویەتی، وێڕای ئەو بارودۆخە ئاڵۆزەی کە لە چەند ساڵی رابردوودا رووبەڕووی جیهان بووەتەوە، بەڵام هێشتا متمانەی بەهێز و هاوڕێیەتی چڕ لە نێوان کۆماری دیموکراتی کۆریا و چیندا هەیە و رۆژ دوای رۆژ ئەو هاوپەیمانییە بەهێزتر دەبێت.
لە بەرامبەردا سەرۆکی چین بەڵینی دا بە دابینکردنی خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ گەلانی هەردوو وڵات ئەوەش لەڕێگەی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان چین و کۆریا و گەیاندنیان بە ئاستێكی بەرزی هاوپەیمانی.
لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا و لەسەر بنەمای بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکەی، کۆریای باکوور رووبەڕووی هەڵمەتی تووندی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بووەوە لە وڵاتانی رۆژئاوا و ئاسیای دوور. لەو ماوەیەشدا چین یەکێک بووە لەو وڵاتە کەمانەی کە پەیوەندییان لەگەڵ کۆریای باکوور هێشتووەتەوە و بەشی زۆری ئابووریی کۆریای باکوور پشت بە چین دەبەستێت.