لووتکەی سۆشیاڵ میدیا لە کۆشکی سپی بەڕێوەدەچێت

رووداو - واشنتن 

ئەمڕۆ لووتکەی سۆشیاڵ میدیا لە واشنتن دەست بە کارەکانی دەکات؛ لووتکەکە لەلایەن کۆشکی سپییەوە رێکخراوە و خاوەن کۆمپانیاکان و ژمارەیەک لە کەسایەتییە دیارەکانی بواری سۆشیاڵ میدیا تێیدا بەشداری دەکەن بۆ تاوتوێکردنی ئاستەنگ و دەرفەتەکانی بەردەم بەکاربردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.


لە دیارترینی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانەی ژمارەیەکی زۆر بەکارهێنەریان بۆ لای خۆیان راکێشاوە هەریەک لە: فەیسبووک و توویتەرن؛ بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هیچ یەک لەم دوو کۆمپانیا گەورەیە بۆ لووتکەکە بانگهێشتنەکراون.

شارەزایان ئەمە دەبەستنەوە بە تێڕاوانینی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە کە لەو باوەڕەدایە ئەوانە لەدژی ئەو کاردەکەن، تەنانەت داواشی لە کۆشکی سپی کردووە رێکاری پێویستیان لەبەرامبەر بگرێتەبەر. 

لەم سەردەمەدا رۆژ لە دوای رۆژ بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا لە هەڵکشانی زیاتردایە و تەنانەت سەرۆک، بەرپرسان و دامەزراوە فەرمییەکانی ئەمریکاش زیاتر لە جاران بەکاریدەهێننن. 

بەگوێرەی داتاکان، ژمارەی بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا لە سەر ئاستی جیهان لە ساڵی 2010دا 970 ملیۆن کەس بووە، ساڵی 2015 بۆ 2.1 ملیار بەکارهێنەر بەرزبووەتەوە و لە ساڵی 2019ـشدا 2.7 ملیار بەکارهێنەری تێپەڕاندووە؛ هاوکات پێشبینی دەکرێت بۆ ساڵی 2021 ئەم ژمارەیە بگاتە 3.2 ملیار کەس.