ئەمریکا کۆچبەری نایاسایی لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن دەهێڵێتەوە تاوەکو یەکلابوونەوەی کەیسەکانیان
رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا کۆچبەرانی نایاسایی لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی کۆچبەران رادەگرێت تاوەکو کەیسەکانیان یەکلایی دەکرێنەوە، کەیسی هەر کۆچبەرێک لەو ناوەندانە قبووڵ بکرێت، دەتوانێت بە ئازادی بچێتە نێو ئەمریکا.
میگێل ڤێرگێرا، بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکانی دوورخستنەوەی کۆچبەران دەڵێت، "ئەمڕۆ 1006 کەسمان دەستگیر کردووە، ئەو شوێنە تەنیا جێگەی 1175 کەسی تێدا دەبێتەوە و کۆچبەرانیش بەگوێرەی کەیسەکانیان لێرە دەمێننەوە؛ هەر کەیسێک بەگوێرەی شایستەیی خۆی یەکلایی دەکرێتەوە، تاوەکو ئەمریکاش هۆکارێکی رەوای بۆ دیپۆرتکردنەوە نەبێت، ئێمە دەسەڵاتی ئەوەمان هەیە کۆچبەران لێرە رابگرین."
رۆژانە نزیکەی 5000 کۆچبەر لە سنوورە 3000 کیلۆمەترییەکەی مەکسیک دەچنە نێو ئەمریکا. هەموو ئەو ژن و پیاوانەی بە تەنیا چوونەتە نێو ئەمریکا، لە نێوەندەکانی کۆچبەران رادەگیرێن، چاوەڕوان دەکەن تاوەکو کەیسەکانیان یەکلایی دەکرێتەوە.
زۆری ژمارەی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ئەمریکا وایکرد، 4ی ئەم مانگە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا فەرمان بکات بەوەی لەمەودوا ئەو کۆچبەرانەی بە نایاسایی دەچنە نێو ئەمریکا، لە وەرگرتنی مافی مانەوە بێبەش بکرێن.
بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکانی دوورخستنەوەی کۆچبەران ئاماژە بەوە دەکات، "ئەوانەی کە لێرە رامانگرتوون، ئەوانەن کە مەترسی دەخەنە سەر ئاسایشی نیشتمانیمان، مەترسی بۆ ئاسایشی گشتی دروست دەکەن، گوێ بە کۆنترۆڵی سنوورەکان نادەن؛ یان ئەوانەن کە بەمدواییانە هاتوونەتە نێو ئەمریکا، هەربۆیە ئێمە دەستبەسەریان دەکەین."
لە ساڵی 2021 و دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی بایدن، زیاتر لە شەش ملیۆن و 400 هەزار کۆچبەر دەستبەسەر کراون، کە ویستوویانە لە سنوورەکانی باشووری ئەمریکاوە دزە بکەنە نێو ئەو وڵاتەوە.
ساڵی رابردووش ئەمریکا 2.44 ملیۆن کۆچبەری رەوانەی مەکسیک کردوونەتەوە. ئێستاش پرسی کۆچبەران مژارێکی گەرمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکایە، کە بڕیارە لە 5ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ بکرێت.