هەشتەم سەردانی بلینکن بۆ ناوچەکە لە هەشت مانگدا؛ ئامانجی ئاگربەست و رێکخستنەوەی نێوماڵی ئیسرائیلە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە هەشتەمین مانگی شەڕی غەززەدا، هەشتەمین سەردانی بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات. بلینکن گەشتەکەی بە میسر دەستپێکرد و لەگەڵ سەرۆک و هاوتاکەی کۆبووەوە. ئامانجەکەش گوشار خستنەسەر حەماسە بۆ پەسندکردنی دوا دەستپێشخەریی ئاگربەست، کە بایدن لە 1ی ئەم مانگە خستیەڕوو.
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەمە هەشتەمین سەردانمە بۆ ناوچەکە لەدوای هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەرەوە و باوەڕیشم وایە زۆربەی خەڵک لە ئیسرائیل، غەززە، کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین، ناوچەکە و جیهانیش ئاشتییان دەوێت؛ دەیانەوێت دوو دەوڵەتی ئیسرائیلی و فەلەستینی هەبن بە ئاشتی و ئاسایش لەپاڵ یەکدا."
 
ئیسرائیل دووەم وێستگەی بلینکنە؛ سەردانەکەی بۆ ئەوێ لە کاتێکدایە کابینەی جەنگیی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی نەتانیاهوو رووبەڕووی قورسترین بوومەلەرزەی سیاسی بووەتەوە. بێنی گانتز، فەرماندەی پێشوو و سەرۆکی پارتی یەکگرتنی نیشتمانی لە کابینەکە کشایەوە.
 
بێنی گانتز، سەرۆکی پارتی یەکگرتنی نیشتمانی رایگەیاند، "کشانەوەم لە کابینەی جەنگ رادەگەیێنم، بڕیارێكی بەئازارە، بەڵام ناچارم بیدەم، نەتانیاهوو هیچ ستراتیژیەتێكی روونی لەبارەی قۆناخی دوای جەنگ نییە، هەروەها بەرژەوەندیی بەرتەسکی بەسەر وڵاتدا زاڵ کردووە، پێویستە هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت."
 
هەرچەندە نەتانیاهوو لە 120 کورسییەکەی کنێست، 64ی هەیە و ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکەی نەتانیاهوو دوورە، بەڵام دابەشبوونی کابینەی جەنگ، رەنگە گەشتەکەی بلینکن بۆ ناوچەکە کە ئوردن و قەتەریش دەگرێتەوە؛ بێ ئەنجام بهێڵێتەوە.