کوڕی جۆ بایدن بە تاوانبار ناسێندرا
رووداو دیجیتاڵ
هەنتەر بایدن، کوڕی جۆ بایدن لەسەر سێ کەیسی پەیوەست بە چەک و مادەی هۆشبەر لەلایەن دادگەی ویلمینگتۆنی ویلایەتی دێلاوێرەوە بە "تاوانبار" ناسێندرا. ئەگەر سزاکەی بەسەردا جێبەجێ بکرێت، دەکرێت 25 ساڵ بەند بکرێت و 750 هەزار دۆلاریش سزای پێبژاردن بدرێت.
رۆژی سێشەممە، 11ی حوزەیرانی 2024، لە دادگەیەکی ویلایەتی دیلاوێری ئەمریکا، هەنتەر بایدن، کوڕی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە سێ تۆمەتی پەیوەندیدار بە چەک دادگەیی کرد و لە دانیشتنێکی سێ کاژێریدا بە "تاوانبار" ناسێندرا.
تاوەکو ئێستا رێککەوتی راگەیاندنی سزاکە دیارینەکراوە، بەڵام لە دادگەییەکەدا، دادوەرەکە داوای بە تاوانبارناساندنی کوڕەکەی بایدنی کرد: "ئەگەری هەیە کوڕی سەرۆکی ئەمریکا بە 25 ساڵ زیندانی و پێبژاردنی 750 هەزار دۆلار سزا بدرێت."
ئەمە یەکەمجارە کوڕێکی سەرۆکی ئەمریکا بە "تاوانبار" بناسێندرێت.
دوای بەتاوانبار ناساندنی کوڕەکەی، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەنجامی ئەم کەیسە پەسند دەکات: "وەکو ئەوەی هەفتەی رابردوو گوتم، سەرۆکم، بەڵام لەهەمان کاتدا باوکیشم."
ئەو بەتاوانبار ناساندنە لەکاتێکدایە، بایدن بەربژێری دیموکراتەکانە بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا لە بەرامبەر دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ ئەو پۆستە.
دوای بەتاوانبار ناساندنی هەنتەر، کەمپەینی ترەمپ لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەم دادگەییکردنە هیچ نییە جگە لە هەوڵێکی بەلاڕێدابردن بۆ ئەو تاوانانەی کە خێزانی بایدن کردوویانە؛ ئەویش کۆکردنەوەی دەیان ملیۆن دۆلارە لە چین، رووسیا و ئۆکراینا."
هەر سێ تۆمەتەکەی سەر هەنتەر بایدنی تەمەن 54 ساڵ پەیوەندییان بەوەوە هەبوو کە ساڵی 2018، دەمانچەیەکی کڕیوە لە کاتێکدا ئالوودەی مادەی هۆشبەر ببوو. بە دامودەزگاکانی نەگوتبوو بە شێوەیەکی نایاسایی مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنێت و گوایە لە بەڵگەنامەکانی کڕینەکەدا زانیاریی هەڵخەڵەتێنەری خستووەتەڕوو.