چوار منداڵ 40 رۆژ دوای کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان بە زیندوویی دۆزرانەوە

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی کۆڵۆمبیا رایگەیاند، دوای 40 رۆژ لە گەڕان بەدوای چوار منداڵدا، کە لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەک لە بەشی کۆڵۆمبیای دارستانی ئەمازۆن، بێسەروشوێن ببوون، بە زیندوویی دۆزرانەوە.
 
رۆژی شەممە، 10ـی حوزەیرانی 2023، گۆستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، چوار منداڵەکە هەرچەندە بێهێز بوون، بەڵام بە تەندروستییەکی باشەوە لە دارستانی ئەمازۆن دۆزراونەتەوە، گوتیشی "بە دۆزینەوەی ئەو منداڵانە بە زیندوویی، مێژوومان تۆمارکرد؛ ئەو منداڵانە، منداڵی ئاشتی و منداڵی کۆڵۆمبیان".
 
منداڵەکان تەمەنیان لەنێوان یەک ساڵ تاوەکو 13 ساڵانە، دوای دۆزینەوەیان، رەوانەی نەخۆشخانە کراون و لەژێر چاودێری پزیشکانن. 
 
بەرپرسان ئاماژەیان بەوە نەکردووە چۆن منداڵەکان توانیویانە دوای 40 رۆژ لە دارستانەکە بمێننەوە، لەکاتێکدا دارستانەکە پڕە لە گیانداری دڕندە و بەردەوام بارانی لێ دەبارێت.
 
بەرپرسانی کۆڵۆمبیا رایانگەیاند، هێزی ئاسمانی و وشکانیی کۆڵۆمبیا و خەڵکی سڤیل لە گەڕان بەدوای منداڵەکاندا، بەشدار بوون. 
 
گۆستاڤۆ پێترۆ گوتی "لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، زانیاریمان هەبوو کە منداڵەکان زیندوون، چونکە لەکاتی گەڕان بەدوای منداڵەکاندا، شوێنپێیان دیاربوو و پێڵاوەکانیان دۆزرابوونەوە".
 
رۆژی 1-5-2023، فڕۆکەیەک لە جۆری Cessna 206 بە حەوت سەرنشینەوە لە فڕۆکەخانەیەکی شاری کاکویتا بەرەو شاری گواڤیار بەڕێکەوتبوو، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە لە دارستانی ئەمازۆن کەوتە خوارەوە.
 
سێ لە سەرنشینەکان و فڕۆکەوانەکە، بە مردوویی لەنێو فڕۆکەکەدا دۆزرانەوە و چوار منداڵیش بێسەروشوێن بوون و دوای 40 رۆژ بە زیندوویی دۆزرانەوە.