دەستەی حەج و عومرەی عێراق وادەی ئەنجامدانی یەکەم گەشت بۆ سعودیە دیاریدەکات
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق وادەی ئەنجامدانی یەکەم گەشتی ئاسمانی و وشکانی بۆ سعودیە بە مەبەستی بەجێهێنانی فەریزی حەج رادەگەیێنێت.
بەپێی راگەیێندراوێکی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق کە ئەمڕۆ شەممە 11-06-2022 بڵاوکراوەتەوە، "رۆژی سێشەممە 14-06-2022، یەكەم کاروانی گەشتەكانی زیارەتكارانی عێراق لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە بۆ فڕۆكەخانەی شازادە محەممەد بن عەبدولعەزیز لە مەدینە دەستپێدەكات".
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، "گەشتە ئاسمانییەکان لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی (بەغدا - نەجەف - بەسرە - هەولێر - سلێمانی)، رۆژانە (3-5) گەشت ئەنجام دەدرێت، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی یەک هەفتەدا سەرجەم زیارەتکاران لە رێگەی گەشتی ئاسمانییەوە بگەنە شاری مەدینە".
سەبارەت بە گەشتە وشکانییەکانیش، وەک لە راگەیێندراوەکەی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق هاتووە: "یەکەم کاروان لە رێگەی دەروازەی سنووریی عەرعەرەوە لە رۆژی شەممەی داهاتوو 18-06-2022 دەستپێدەکات و لە ماوەی 6 رۆژدا پڕۆسەکە کۆتایی دێت".
رۆژی شەممە 4-6-2022، ئاژانسی فەرمی هەواڵی سعودیە باسی لەوە کرد، یەکەم کاروانی حاجییان لە ئیدۆنیزیاوە گەیشتوونەتە مەدینە کە ژمارەیان لە 358 حاجی پێکهاتوون.
مەرجە ئەو کەسانەی کە بەشداریی حەجی ئەمساڵ دەکەن، تەمەنیان لە 65 ساڵ کەمتر بێت، بە یەکێک لە ڤاکسینە پەسندکراوەکانی وەزارەتی تەندروستیی سعودیە خۆی کوتابێت. هەروەها دەبێت زیارەتکاران پشکنینی نێگەتیڤی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێشکێش بکەن کە لە 72 کاژێر پێش چوونیان بۆ سعودیە ئەنجام درابێت.
رۆژی سێشەممە 24-05-2022، بە نووسراوێک دەستەی حەج و عومرەی عێراق تێچووی خەرجی حەجی ئەمساڵی دیاریکرد، تێچووەکە بە رێگەی ئاسمانی (4200) دۆلار و بە رێگەی وشکانی (3450) دۆلارە.
شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان، پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو کە "بۆ حەجی ئەمساڵ، عێراق 15 هەزار و 252 کەس دەنێرێت و لە هەرێمی کوردستانیش دوو هەزار و 120 کەس؛ ئەمساڵ ژمارەی ئەوانەی دەچنە حەج دابەزیوە".
ساڵی 2019، سعودیە رێگەیدا دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس حەج بکەن، ئەو ژمارەیە خەڵکی وڵاتانی دیکە و سعودیەش بوون. لە 2020دا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تەنیا رێگە بە هەزار کەس درا، هەمووشیان دانیشتوانی سعودیە بوون. لە 2021دا ئەو ژمارەیە بۆ 60 هەزار کەس لە دەرەوە و ناوەوەی سعودیە بەرزکرایەوە کە دەبوایە هەموویان هەردوو قورچکە ڤاکسینیان وەرگرتبا و لە رێگەی تیروپشکەوە دەستنیشانکران.