لە رووسیا پاسێک کەوتە نێو رووبارێک و حەوت کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری سان پیتەرسبێرگی رووسیا، پاسێک کەوتە نێو رووبارێک و پۆلیس دەڵێت، حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و شەش کەسیش بریندارن.
رۆژی هەینی 10-05-2024 پاسێک لەسەر پردێک کەوتە خوارەوە و کەوتە نێو رووباری مایۆکا لە شاری سان پیتەرسبێرگ، دووەم گەورەترین شاری رووسیا.
لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووسیا دەڵێت، "حەوت کەس بەهۆی رووداوەکەوە گیانیان لەدەستداوە."
بەشێک لەوانەی لە دەورووبەری پردەکە وەستابوون خۆیان هەڵدایە نێو ئاوەکە بۆ رزگارکردنی سەرنشینە گیرخواردووەکانی نێو پاسەکە.
ئیدریس گادژیەڤ، شایەتحاڵێکە و دەڵێت، "بینیم شۆفێرەکە نەیدەتوانی دەرچەی بنمیچی پاسەکە بکاتەوە، ئەو ماندوو و بریندار بوو، خوێنی لێ دەچۆڕا، هەر کە ئەمەم بینی، خۆم هەڵدایە نێو رووبارەکە و بەرەو پاسەکە مەلەم کرد. توانیم دەرچەی بنمیچەکە بکەمەوە، ژنێکی پەککەوتەم بینی و رزگارم کرد."
لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە ژمارەی بریندارەکانیان رانەگەیاندووە، بەڵام وەزارەتی فریاگوزاری دەڵێت، "شەش کەسمان دەرهێناوە کە برینیان سەختە."
دوای رزگارکردن و دەرهێنانی هەموو سەرنشینەکان، تیمی فریاگوزاری و بەرگریی شارستانی توانییان پاسەکە لەنێو رووبارەکە بهێننە دەرەوە.
میدیای رووسیا دەڵێت، پاسەکە 20 سەرنشینی لەنێو بووە. شەش لە سەرنشینەکان دوای کەوتنە نێو رووبارەکە، لە پەنجەرەی پاسەکەوە خۆیان دەرباز کردووە.
بەرپرسانی شاری سان پیتەرسبێرگ دەڵێن، ئەو کۆمپانیایەی خاوەندارێتیی پاسەکە دەکات لە کەرتی تایبەتە و 23 جار بە پێشێلکاریی هاوشێوە سزای پێبژاردنی دراوە.
بەرپرسان دەڵێن، لێکۆڵینەوەیەکی تاوانکارییان دەستپێکردووە بۆ بنبڕکردنی پێشێلکارییەکانی هاتووچۆ و گواستنەوە.