رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی سەرژمێری و ئاماری کەنەدا دەڵێت، لە مانگی نیسان 90 هەزار هەلی کار رەخسێندراون، بەڵام بێکاری لە کەنەدا هێشتا 6.1%ـە.
رۆژی هەینی 10-05-2024 ئاژانسی سەرژمێری و ئاماری کەنەدا بڵاویکردەوە، "پێچەوانەی پێشبینییەکان، حکومەت لە مانگی نیساندا توانیویەتی 90 هەزار هەلی کار بڕەخسێنێت؛ لەکاتێکدا پێشبینی دەکرا تەنیا 20 هەزار هەلی کار هەبن لەو مانگەدا."
رۆیس مێندێس، شرۆڤەکار لە کۆمپانیای دێسجاردنی کەنەدی تایبەت بە ئابووری و دارایی دەڵێت، "لە مانگی نیسانی 2024 دامەزراندن زۆر زیادی کرد، بەڵام گەشەی دانیشتووانیش زیادیکرد، بەمشێوەیە خواست لە بازاڕی کاردا وەکو خۆی ماوەتەوە و گەشەی مووچەش خاوتر بووەتەوە."
مێندێس ئاماژە بەوە دەکات، کەرتی تایبەتی کەنەدا زۆرترین بەشداریی هەبووە لە زیادکردنی رەخساندنی هەلی کاردا.
ئاژانسی سەرژمێری و ئاماری کەنەدا دەڵێت، لە خزمەتگوزارییەکانی تەکنیکی، زانستی و پیشەیی زیاتر لە 26 هەزار هەلی کار رەخسێندراون. لە خزمەتگوزارییەکانی خواردن و نشینگە 24 هەزار هەلی کار، لە خزمەتگوزاریی تەندروستی و کۆمەڵایەتی 17 هەزار هەلی کار و لە سەرچاوە سرووشتییەکانیش زیاتر لە 7 هەزار و 700 هەلی کاری تازە رەخسێندراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ