لە پاریس پیاوێک تەقە لە بنکەیەکی پۆلیس دەکات و دوو ئەفسەر بریندار دەکات
رووداو دیجیتاڵ
پیاوێکی ئاسیایی لە بنکەیەکی پۆلیسی پاریس بە دەمانچەی پۆلیس تەقەی کرد و دوو ئەفسەری بریندار کرد. برینی یەکێک لە ئەفسەرەکان سەختە.
شەوی پێنجشەممە 09-05-2024، پیاوێک بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر ژنێکی 73 ساڵ بە کەتەر، دەستگیر کرا و برایە بنکەیەکی پۆلیسی پاریس لە فەرەنسا. پیاوەکە توانیی دەمانچەی پۆلیسێک بڕفێنێت و تەقە لە دوو ئەفسەری پۆلیس بکات و برینداریان بکات.
لۆرێنت نونێز، بەڕێوەبەری پۆلیسی پاریس گوتی، "یەکێک لە بریندارەکان گوللـە بەر سکی کەوتووە و لەنێوان ژیان و مەرگدایە."
ئەو بەرپرسەی پۆلیسی پاریس دەڵێت، دوای ئەوەی ئەو پیاوە دەبرێتە بنکەی پۆلیس، داوای لێدەکرێت فوو لە ئامێری تاقیکردنەوەی رێژەی کحول بکات، لەوکاتەدا پیاوەکە دەمانچەی پۆلیسێک دەڕفێنێت و دەست بە تەقەکردن دەکات.
پۆلیسی بنکەکە، بەگوێرەی نونێز، تەقە لە تۆمەتبارەکە دەکەن و گوللـە بەر سینگی دەکەوێت و دەگوازرێتەوە نەخۆشخانە.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی پاریس دەڵێت، پیاوەکە ئاسیاییە و تەمەنی 32 ساڵە.
نووسینگەی داواکاری گشتیی پاریس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە و ئێستا پیاوەکە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتنی ژنێک و هەوڵدان بۆ کوشتنی پۆلیسی لەسەرە. لە ئەگەری ساخبوونەوەی تۆمەتەکان لە دادگە، پیاوەکە سزای بەندکردنی تاهەتایی بەسەردا دەسەپێندرێت.
لۆرێنت نونێز ئاماژە بەوە دەکات، تائێستا پۆلیس نازانێت پەیوەندیی هێرشکارەکە و ژنەکە چی بووە، بەڵام لەکاتی گەیشتنی پۆلیس بۆ شوێنی رووداوەکە، دەرگەی شوقەیەکیان شکاندووە و پیاوەکەیان دەستگیر کردووە.
گێراڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "پشتگیری لە پۆلیسە بریندارەکان دەکەین."
ئان هیداڵگۆ، پارێزگاری پاریس گوتی، "بیرم لای بریندارەکان و خێزانەکانیەتی، پاریس شانبەشانی ئەوان دەوەستێت."
یەکێتیی پۆلیسی پاریس لە راگەیێندراوێک بڵاویکردەوە، ئەمە نوێترین نموونەی ئەو مەترسییەیە، کە رووبەڕووی ئەفسەرەکانیان دەبێتەوە.
لیندا کێباب، سکرتێری نیشتمانیی یەکێتیی پۆلیسی پاریس دەڵێت، "هیچ کارێکی پۆلیس بچووک نییە، خەریک بوو دوو ئەفسەرمان گیانی خۆیان لەپێناو رزگارکردنی ژیانی قوربانییەک بەخت بکەن."