لە سێ رۆژدا 28 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە گیانیان لەدەستداوە

رووداو دیجیتاڵ

لە ئەنجامی تۆپ و مووشەکبارانی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەزە، لە سێ رۆژی رابردوودا 26 هاووڵاتیی فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە کە چەکدار و هاووڵاتی سڤیلیان تێدایە. هاوکات هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی گیانی لەدەستداوە. 
 
لە 9ی ئەم مانگەوە، بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە فەلەستینەوە 550 رۆکێتیان ئاڕاستەی ئیسرائیل کردووە، لەوانە 440 رۆکێتیان گەیشتوونەتە ئاسمانی ئیسرائیل و 154 دانەشیان بە سیستمی بەرگریی ئاسمانی گومبەزی ئاسنین تێکشکێنراون. پێنج دانەشیان لە ناو غەزەدا کەوتوونەتە خوارەوە.
 
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل باس لەوە دەکات، بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانەوە لانیکەم کەسێک لە ئیسرائیل کوژراوە و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
میسر هەوڵدەدات بۆ ئەوەی سوپای ئیسرائیل و جیهادی ئیسلامی رازی بکات بگەن بە ئاگربەست، هەریەک لە فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئوردن داوای کۆتاییهێنان بە تووندوتیژییەکان دەکەن.
 
گرووپی چەکداری ئیسلامی جیهادی رایگەیاندووە، تائێستا 5 فەرماندەی هێزەکەیان کوژراون. بەرەی میللی رزگاریخوازی فەڵەستینیش رایگەیاندووە، 4 چەکداریان کوژراون.
 
یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل داوای لە سوپای وڵاتەکەی کردووە بۆ ئەوەی "لەوپەڕی ئامادەباشیدابن" و خۆیان بۆ ئەگەری زیادبووونی گرژییەکان ئامادەبکەن.
 
گرژییەکانی نێوان فەڵەستین و سوپای ئیسرائیل لەمساڵدا چەند جارێک هەڵکشانی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە. لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە 123 فەڵەستینی بەهۆی هێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون و نزیکەی 15 ئیسرائیلیش لەلایەن بزووتنەوە چەکدارەکانی فەڵەستینییەوە کوژراون.
 
لە ساڵی 2022دا 204 فەڵەستینی و 29 ئیسرائیلی لە هێرشەکانی نێوان ئەو دوو هێزەدا کوژراون. ئەو ژمارەیە بەرزترینە لە دوای ساڵی 2004ـەوە کە تێیدا 803 فەڵەستینی و 940 ئیسرائیلی کوژران.