تەندروستیی جیهانی: ئاوڵەی مەیموون چیدیکە بارێکی لەناکاوی تەندروستی نییە

11-05-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ئاوڵەی مەیموون چیدیکە لە جیهان وەک بارێکی لەناکاوی تەندروستی سەیر ناکرێت؛ ئەمە دوای نزیکەی یەک ساڵ لە بڵاوبوونەوەی بەرچاوی نەخۆشییەکە کە بەشێوەیەکی سەرەکی لەنێو هاوڕەگەزخوازاندا بڵاودەبێتەوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 11-5-2023، تێدرۆس ئەدهانەم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، دڵخۆشە بەوەی رایدەگەیێنێت، داواکاریی ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانی قبووڵکردووە کە "چیدیکە وەک بارێکی لەناکاوی تەندروستی سەیری ئاوڵەی مەیموون نەکرێت".
 
راگەیاندنی ئاسایی بوونەوەی باری لە ناکاوی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون هەفتەیەک دوای ئەوە دێت، کە باری لەناکاوی پەتای کۆرۆنا هەڵگیرا. 
 
تیدرۆس ئەدهانەم دەڵێت، لەکاتێکدا هەردوو نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون و پەتای کۆرۆنا لە باری لەناکاو دەرچوون، هێشتا مەترسیی سەرهەڵدانەوەیان هەیە و بەهۆی هەردووکیانەوە خەڵک دەمرن.
 
ئەدهانەم لەبارەی رێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی فراوانی ئاوڵەی مەیموونەوە داوا لە وڵاتان دەکات پابەندی تەواوی رێکارەکان بن، چونکە هێشتا دەکرێت وەک ئاڵنگارییەک بۆ کەرتی تەندروستیی وڵاتان سەیر بکرێت.
 
نەخۆشییەکە سەرەتا لە ساڵی 1970 لە کۆنگۆ دۆزرایەوە. هەرچەندە ناوەکەی بە مەیموونەوە بەستراوەتەوە، بەڵام ئەو گیاندارە تاکە سەرچاوەی ڤایرۆسەکە نییە. ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون لە ئایاری 2022 لە بەشێک لە وڵاتانی باکوور و نێوەڕاستی ئەفریقاوە بڵاوبووەوە، بەڵام لە دواتردا بە شێوەیەکی مەترسیدار و فراوان لە ئەمریکا و ئەوروپاشدا تەشەنەی کرد. 
 
بەگوێرەی تەندروستیی جیهانی، ڤایرۆسەکە بەزۆری لە رێگەی سێکسەوە دەگوازرێتەوە و بڵاوبوونەوەکەی زیاتر لە نێو پیاوانی هاوڕگەزخوازدایە. بەجۆرێک، بەپێی توێژینەوەیەکی زانکۆی شاژنە ماری لە بەریتانیا، کە لەسەر نەخۆشیی ئاوڵەی مەیمون کراوە، 98٪ـی ئەوانەی تووشی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیمون بوون، ئەو پیاوانەن کە هاوڕەگەزخوازن. 
 
ئازاری ماسولکە، تا، هەڵاوسان و تلۆقەی زەردی سەر پێست لە نیشانەکانی نەخۆشییەکەن. لە حوزەیرانی پار زۆرترین تووشبووی ڤایرۆسەکە تۆمارکرا، بەڵام لەو کاتەوە رووی لە کەمبوونەوە کردووە.
 
لە بڵاوبوونەوەی بەرچاوی ڤایرۆسەکەوە لە مانگی ئایاری پارەوە تاوەکو ئێستا، 87 هەزار تووشبوو لە 111 وڵاتی جیهان تۆمارکراون؛ لەو ژمارەیە 140 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
تێدرۆس دەڵێت، 3 مانگی رابردوو بەراورد بە 3 مانگ پێش خۆی، تۆمارکردنی تووشبووی نوێ 90٪ کەمیکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە